ئیدارەی خۆسەر ئاماری هێرشەکانی ئاشکرا کرد
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند کە، دوێنێ لە ئەنجامی ٤٠ هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا ٨ کەس شەهیدبوون و ١٨ کەسیش برینداربوون.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند کە، دوێنێ لە ئەنجامی ٤٠ هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا ٨ کەس شەهیدبوون و ١٨ کەسیش برینداربوون.
بەشی راگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیدا ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکراوەتەوە، سوپای تورک بە ٧ فڕۆکەی جەنگی و ٣٣ فڕۆکەی بێ فرۆکەوان ٤٠جار هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا.
٤٠ هێرش لە سەر قامیشلۆ، عامود و کۆبانی
لە ئامارەکەدا سەبارەت بە هێرشەکان ئەم زانیاریانە بلاوکرانەوە:
لە قامشلۆ ٣١ جار هێرش کرایە سەر وێستگەی سەدکۆب لە گەڕەکی جەرنیک، کۆگای خۆراک، کارگەیەک لە گەڕەکی ئەلەیا، ٢ کۆمپانیای ئاوەدانکردنەوە، چاپخانەی سیماڤ، نەخۆشخانەی کۆرۆنا، نەخۆشخانە، وێستگەی کارەبا، کۆگای ئێم، نەخۆشخانەی شۆردنی گورچیلە، کارگەی ئۆکسجین، ناوچەی پشتەوەی گۆڕستانی شەهیدان، کۆگای سیرامیک لە نزیک فوڵکەی ئاڵوگۆڕ، وێسگەی سوتەمەنی جووتیاران، گەراجی عەزیز، کۆگای چیمەنتۆ، گوندی ئوم فورسان، فەرۆشگای گازی ڤاڵ لە گەڕەکی ئەلەیا، بازاڕی پێنجشەممە لە گەڕەکی ئەلەیا، کۆگای نزیک نەخۆشخانەی کۆرۆنا، کارگەی بەرفین بۆ بەرهەم هێنانی ماددەی پاککەرەروە و وێستگەی سووتەمەنی بۆتان.
لە ناوچەی عامود ٣ هێرش بۆ سەر هۆڵی هەفلەی کەرەم، کۆگای گەنم و کۆگای زەیتون ئەنجامدرا.
لە کۆبانێ ٦ جار هێڕش کرایە سەر گەراجی ئۆتۆمبێل، نەخۆشخانەی مشتەنور کە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور پشگیری دەکەن، کۆمپانیایەک، کارگەیەکی مریشک لەسەر ڕێگای گوندی تەرمیک، کێڵگەیەک لەسەر ڕێگای حەلەب، گەراجێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیای بیناسازی ئەحمەد تەمەر.
زیاتر لە ٢ هەزار و ٢٠٠ گوند و شار لە تاریکیدان
لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیاتر لە دوو هەزار و ٦٠٠ گوند و شار لە تاریکیدا ماون. فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێسگەکانی کارەبای قامشلۆ، دێریک و دربێسی بۆردومان کردووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکاندا، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە چەکی قورس و هاوەن لە سەربازگەی گوندی ئەلشێخ ناسرەوە گوندی دەندەنەی باکووری ڕۆژئاوای منبجیان تۆپباران کرد. سەرەرای ئەوەی کە گوندی دەندەنە پڕە لە دانیشتووان ئەو گۆندەیان تۆپبارن کرد. لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٨ هاووڵاتی شەهید بوون و لەناویاندا دووانیان ژنن. هەروەها ١٨ هاووڵاتی بریندار بوون. لە ناویاندا ژن و منداڵیش هەن.
٨ شەهید و ١٨ بریندار
ناوی ئەو ٨ هاووڵاتییەی کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا شەهید بوون بریتییە لە:
بێریڤان محەمەد
فەرحان خەلەف
ڕیاز حەمۆ
فەرحان تەمە
ڕێناس حوسەین
حوسەین ئەحمەد
فارس ئەل فارس
ئەیە ئەلسەباوی
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی شەهیدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەهید فەرحان خەلەف، بێریڤان محەمەد، حوسەین ئەحمەد و ڕیاز حەمۆ لە ئەنجامی هێرشی سەر چاپخانەی سیماڤدا شەهید بوون. هەروەها ڕێناس حەمید حوسەین له ئەنجامی هێرشی سەر کارگەی ئێمی جزیرێدا شەهید بوو، فەرحان تەمە له ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر کارگەیەک لە ناوچەی ئەلەیادا شەهید بوو، ئایە ئەلسەباوی له ئەنجامی تۆپباران کردنی گوندی ئوم ئەلفورسانی قامشلۆدا شەهید بوو، فارس ئەلفارس لە ئانجامی تۆپبارانکردنی شاری قامشلۆدا شەهید بوو.
لە هێرشەکاندا ١٨ هاوڵاتی برینداربوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە ناوخۆییەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت.
لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاد کردووە. لەو هێرشانەدا ژێرخانی ناوچەکە، ناوەندە ستراتیژی، مەدەنی و تەندروستی بە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس دەکرێنە ئامانج.