ئیشکگری لەبەردەم 'ماڵی ریبەرتی' لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە لە رۆژی دووەمدا بەردەوام بوو

چالاکی ئیشکگری کۆنگرەی ستار کە لەدوای هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئەو ماڵەی لە گوندی ئەلپەلوری کۆبانێ کە ماوەیەک عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تێیدا مابووە ئەنجامدرا، لە رۆژی دووەمدا بەردەوام بوو.

کۆنگرەی ستار دوێنێ 'چادری پاراستنی' لەبەردەم ئەو ماڵەی کە لە گوندی ئەلپەلوری کۆبانێ ماوەیەک عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی تێیدا مابووە هەڵدایەوە.

ئامانجی چالاکیەکە شەرمەزارکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بوو لە ١٦ی نیسان بۆ سەر خانووەکە. چادرەکە بە هەڵواسینی وینەکانی ئۆجالان و ئاڵاکانی کۆنگرەی ستار خەمڵێنرا.

٤ ئەندامی کۆنگرەی ستار لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن بەڕێوەبەری هەرێمی فوراتەوە راگەیەنراوە.، ٢٤ کاتژمێر لە چالاکی ئیشکگریدا دەبن.

عەدلا بەکرد ئەندامی کۆنگرەی ستار کە بەشداری لە چالاکی ئیشکگریدا کرد، هێرشی سەر ماڵی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی شەرمەزار کرد و وتی، "ماڵی رێبەرتی لەلای خەڵکی هەرێمەکە گرنگیەکی زۆری هەیە."

راشیگەیاند، ئەوان نەک تەنها بانگەوازی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان دەکەن، بەڵکو لە هەمانکاتدا پێویستە ئۆجالان لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بکرێت.

عەدلا بەکر بانگەوازی لە گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد کە ئاستی تێکۆشان لەدژی دەوڵەتی تورک بەرز بکەنەوە. هەروەها بێدەنگی نێونەتەوەیی لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و تەئکیدی کردەوە کە تێکۆشان لەبەرانبەر دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبێت.