ئیسرائیل بە چڕی تارانی بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل لە دژی تارانی پایتەختی ئێران هێرشێکی بەرفراوان و بێ وێنەی ئەنجامدا.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ١١ـەهەمین ڕۆژیدا بەردەوامە. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە "هێزێکی بێ وێنە" هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی ڕژێم لە ناوەندی تاران. کاتز ڕایگەیاند کە هێرشەکان بە فەرمانی نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و خۆی ئەنجامدراوە.

بنکەکانی بەسیج و سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج

لە بەیاننامەیەکەدا کە بڵاو کراوەتەوە ئامانجەکان بەم شێوەی خوارەوە ڕاگەیەندراوە:

- بنکەی بەسیج

- زیندانی ئەوین (شوێنی زیندانیانی سیاسی و نەیارانی ڕژیم)

- "کاتژمێری وێرانکردنی ئیسرائیل" لە گۆڕەپانی فەڵەستین

- بنکەی ئاسایشی ناوخۆی سوپای پاسداران

- بنکەی ئایدۆلۆژی ڕژێم

- بنکەکانی دیکەی ڕژێم دەکرێنە ئامانج."

کاتزهەروەها ڕایگەیاند: "دیکتاتۆری ئێران دەبێت تاوانی هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوە، تا گەیشتن بە ئامانجەکان ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن."

هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری کەرەج

هەروەها سوپای ئیسرائیل لە باکووری ئێران هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شاری کەرەج ئەنجامدا. سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە کرد.

پچڕانی کارەبا لە تاران

بەگوێرەی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان، هێرش کراوەتە سەر وێستگەیەکی کارەبای تاران و بەهۆیەوە کارەبا لە بەشێکی شارەکەدا پچڕاوە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، زیان بەر هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا کەوتووە و بەو بۆنەوە کارەبا پچڕاوە.