ڕۆژنامەوان تۆڵهەڵدان: ئامانجی هێرشەکان داگیرکردنی تەواویی سووریایە

رۆژنامەوان دەمهات تۆڵهەڵدان باسی لەوەکرد داگیرکردنی تەواوی سووریا پلانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانێتی.

ڕۆژنامەوان دەمهات تۆڵهەڵدان باسی لەوەکرد بەرخۆدانەکانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق نیشانیدا کە بەرخۆدانێکی بە بڕیارن و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیان شکستپێپێهێنا.

لە دوای پێشهاتەکانی سووریا و رووخانی ڕژێمی بەعس، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە دەسەڵاتدارییە کە لە هەرێمەکەدا لە ئارادایە. بۆیە لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە بە بەردەوامی لەڕێگەی چەتەکانییەوە لە هێرشکردنە سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشریندایە بۆ ئەوەی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داگیربکات. ڕۆژنامەوان دەمهات تۆڵهەڵدان دەربارەی ئەو ڕووداوانە بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و دەستنیشانیکرد پێگە و گرنگی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین لە رووی ڕێگەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی کارەباوە بۆ هەردوو دیوی ڕووباری فورات پێگەیەکی ستراتیژییە. هەربۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئەو هەرێمە داگیربکات، بەڵام بە بەرخۆدانەکان ئەو هەوڵانە شکستپێهێنراوە.

لە دەستپێکی قسەکانییدا ڕۆژنامەوان تۆڵهەڵدان سەرنجی خستەسەر هێرشە سەختەکانی سەر کۆبانێ-دێرک و وتی: "لە زەمینییەوە ماوەی دوو ساڵە بە بەردەوامی هێرش لەسەر عەین عیسا، گرێ سپی و سەرێکانی دەکرێت و چەتەکان هەوڵی داگیکردنی دەدەن. بەتایبەت ماوەی دووساڵە بە هێرشی سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵەدەدەن لە ڕووی دەروونیەوە و هیوای گەل سەرکوت بکەن. بە ڕاستی ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، لەبەرئەوەی ئیدارەی خۆسەر بە پراکتیکی دیموکراتیکی خۆی بووە سیمبوڵی پێکەوە ژیانی سووریا. ئەمەش لە دژی خواستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانێتی. ڕوونە ئامانجی ئەم هێرشانە داگیرکردنی تەواوی سووریایە."

لە قسەکانییدا ئەو ڕۆژنامەوانە ئاشکرایکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێڕای هێرشە شکستخواردووەکانی هەوڵدەدات لە ڕووی دەرونییەوە کاریگەری و ترس لەسەر گەلانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری درووستکات.

'بەرخۆدانی قەسەدە بەرخۆدانی گەلانە'

دەربارەی بەرخۆدانەکانی قەسەدە و کاریگەرییەکانی، ڕۆژنامەوان دەمهات تۆڵهەڵدان دەریخست بەرخۆدانی قەسەدە تاکە ڕێگەی هیوایی گەلانە و جارێکی دیکە بووە دەربڕی ئەوەی کە بەرخۆدانی شەڕڤانانی قەسەدە لەگەڵ بە ڕێکخستنی گەلاندا دەتوانێت هەموو هێرشەکان تێکشکێنێت و ببێتە بەرخۆدانێکی سەرکەوتوو.

لە کۆتایی قسەکانییدا دەمهات تۆڵهەڵدان ئاماژەی بەوەدا بە هەموو شێوەیەک چەتەکان بە بەرچاوی جیهانەوە لە کۆمەڵکوژییدان، بەڵام ڕای گشتی جیهانی لە بێ دەنگییدایە ئەمەش جێگەی نیگەرانی گەلانە و وتی: "بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەم چەتانە ڕابوەستنێرێن و لەوە زیاتر هێرش نەکەن. ئامانجی ئەم چەتانە لە دژی فرەڕەنگی و دیموکراتیکییە و هەموو هەوڵیان بۆ بونیادنانێکی دیکتاتۆری و یەکپەرستییە. ئەمەش مەترسییەکی مەزنە لەسەر داهاتووی سووریا. هێزە نێو نەتەوەییەکان گەر نیازیانە لەگەڵ سووریایی نوێدا پەیوەندی دانێن، دەبێت پشتگیری بدەنە گەلانی سووریا."