دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە هەموو هێز و چەکی قورسەوە هێرش دەکاتە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق. لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوە و بەرخودانی شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژەدا لە ماوەی ٣ رۆژدا ٢١٠ چەتە کوژرابوون، ٣٩ ئۆتۆمبێلی سەربازی و ٦ تانکی سوپای تورکیش لەنناوبرابوون. ژنانی کۆبانێ لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی و لە لێدوانەکانیاندا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتیان کە شەڕڤانان بەرخودانی گەورەیان کردووە.
'ئەوان تائێستا توڕەیی دایکانی شەهیدانیان نەبینیوە'
خوشک و دایکی شەهیدان ئەمینە یاسین باسی لەوەکرد، کە ٢١٠ داگیرکەر و چەتە لە چالاکی وەڵامدانەوەدا کوژراون و وتی، "ئەوان تائێستا هێزی شەڕڤانانی ئێمەیان نەبینیوە. وەڵامی راستی ئێمەیان تائێستا نەبینیوە، ئەوان بەرخودانی ئێمەیان نەبینیوە. با باش بزانن و بکشێنەوە، ئەوان توڕەیی دایکانی شەهانیان نەبینیوە. ئێمە دایکانی شەهیدانین. تۆڵەی رۆڵەکانمان دەکەینەوە. با رووبەڕوومان نەبنەوە، تائێستا بێدەنگ بووین، ئیتر بەسە! ئێمە سەردەکەوین. هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین و کەس ناتوانێت رۆژی ئێمە تاریک بکات. ئێمە رۆژی خۆمان بینیوە و ئاڵای کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشەکێنینەوە".
'هێزەکانمان خاوەن ئیرادە و بڕوان'
ئەندامی ناوەندی کولتور و هونەری باقی خدۆ لەیلا ئەحمەد رایگەیاند، دەبێت ئیتر تەواوی گەلانی جیهان لە پێناو کۆبانێدا هەڵسنە سەرپێ و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێزی دڕندانەی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام دیسان لە بەرامبەر بەرخودانی رۆڵەکانمان تێکدەشکێن. ئەوان داگیرکەری دەکەن، هێزەکانمان خاوەن ئیرادە و بڕوان و خۆیان بە فەلسەفەی ئازاد پەروەردەکردووە. ئەوەتا ٢١٠ چەتە و داگیرکەر لە بەرامبەر رۆڵەکانمان لەناوچوون. بڕوامان بە شەڕڤانانمان و بە تایبەتی ژنان هەیە. پەلکی قژیان بەست و لە سەنگەرەکانی پێشەوە بوونە قەڵغان. قەسەدە خۆی کردووەتە قەڵغانی زیندوو بۆ سەرجەم گەلانی جیهان. ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکان ئەوەیە کە کوشتنی ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان بگەیەنێتە ئەنجام، ئێمەش بەرپەرجی دەدەینەوە. تائێستا هێزەکانمان هێرشیان نەکردووەتە سەر کەس، تەنیا وەڵامیان داوەتەوە. تا کۆتایی پشتیوانی لە رۆڵەکانمان دەکەین".
'ئێمە شەڕڤانانی خۆمان دەناسین'
ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان رۆدین محەمەد وتی: "ئەو هێرشەی ئێستا لە ئارادایە، هێرشێکی دڕندایە کە هەموو نەتەوەکانمان دەکاتە ئامانج. هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین، دەبێت هەموو گەلەکەمان هەڵسنە سەرپێ. بۆ ئەوەی ورەی گەل دابەزێنن، شەڕی تایبەت دەکەن. بەڵام ئێمە شەڕڤانانمان دەناسین و دەزانین کە چۆن خۆڕاگری دەکەین. ئێمە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین".