ئاکیف حەسەکە کە یەکێکە لە فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک قەسەدە لە بارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت، لە گەڵ دەستەکەوتەکانی کورد، هەموو دەستکەوتەکانی گەلانی ناوچەکە بە ئامانج کراون و وتی:"خۆڕاگریی گەل و شەڕڤانان بەردەوامە. لەم قۆناغەی خۆڕاگرییەدا گەلەکەمان بە هۆی داگیرکەرییەکانەوە کە شەهید و برینداریان داوە، بە ناچاری خاکەکەی چۆڵ کردووە. ئەمە هێمای ئەوەیە کە خۆڕاگریی بەردەوامە. بەم خۆڕاگرییە ئامانجی ئێمە وەکو قەسەد ئەوەیە کە لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا، کۆتایی بە داگیرکەریی بهێنین و خاکەکەمان لە داگیرکەرانی تورک و چەتەکانی پاک بکەینەوە. بێگومان بە هاوکاری گەلانی ناوچەکە کۆتایی بە داگیرکەری دەهێنین."
' ئامانج تەنها داگیرکردن نییە، بەڵکو لەناوبردنی دەستکەوتەکانە'
حەسەکە باسی لە هێرشی داگیرکەران بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١وە لە رۆژئاوای کوردستان قۆناغی شۆڕش دەستی پێکردووەو وتی:" ئەم قۆناغەی شۆڕش بە هەوڵ و کۆششی بە میلیۆنان کەس و هەزاران شەهید بەدی هاتووە. لەم قۆناغەدا لە رۆژئاوا گروپە چەتەکانی وەکو داعش لەناو چوون. بە تێکچوونی داعش ژیانێکی ئارام بۆ خوشک و برایەتی گەلان هاتە کایەوە. تێکچوونی داعش بۆ تورکیا مەترسییەکی گەورە بوو. تورکیا بەو تێکچوونە، لەناوچوونی خۆی بینی، بۆیە لەگەل چەتەکانی خۆی پلانی لەناوبردنیان داناوە."
حەسەکە وتی:"لە چوارچێوەی پلانی پاکتاوکردندا، 'سوپای ئازاد' و چەند گروپێکی چەتەی دیکە، هێرشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایان کرد و سەرەتاش هێرشیان کردە سەر عەفرین. لێرە ئامانج تەنها داگیرکردن نەبوو، بەڵکو لەناوبردنی دەستکەوت بوو. بە نیاز بوون، هێرشە داگیرکەرییەکان بەرفراوانتر بکەن و بەو هۆیەوە رووی هێرشەکانییان کردە سەرێکی و گرێ سپی."
فەرماندە ئاکیف حەسەکە هەروەها باسی لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان و چەتەکانی کرد و وتی:" هەڕەشەکان بەردەوامن. داعشیش هەوڵیدا سەرەتا سەرێکانی و گڕی سپی لە هەرێمەکە جیا بکاتەوە. هۆکاری ئەوەی ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج ئەوەیە کە چەندین پێکهاتە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە بەیەکەوە دەژین و ناوچەکە ببوەتە لانکە لە مێژوودا."
تاکتیکی دوژمن بریتیە لە 'پارچەکردن و هێرش کردن و داگیرکردن'
حەسەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا رایگەیاند، خۆڕاگرییان لە هێڵی سەرێکانی بەردەوامە و وتی:"ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە رێگری بکات لەو خۆڕاگرییەو دەیەوێت کۆتایی بە تێکۆشانمان بهێنێت. ئامانجێکی دیکەی داگیرکەرانیش ئەوەیە کە کانتۆنی جزیر لە کانتۆنی کۆبانێ جیا بکەنەوە و رێگای نێودەوڵەتی (M4) کۆنترۆڵ بکەن. تاکتیکەشیان بریتیە لە 'پارچەکردن و هێرش کردن و داگیرکردن'."
حەسەکە تیشکی خستە سەر کاتی هێرشەکان لە ٩ی تشرینی یەکەم و وتی:" ئەو مێژووە سەرەتای دەستپێکردنی پلانگێریی لە دژی رێبەرایەتی بوو. ئامانجی سەرەکی لە هێرشکردنە سەر سەرێکانی و گرێ سپی، کۆنترۆڵکردنی رێگای نێودەوڵەتی (M4) ە. ئەم رێگایە لە رووی ستراتیجییەوە زۆر گرنگە. لە رووی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و سەربازییەوە هێڵێکی گرنگە. ناوچەی جزیریش دەبەستێتەوە بە حەلەب و شام و کۆبانێ. بۆ کۆنتڕۆلکردنی ناوچەکە بە گشتی، ئەو هێڵە گرنگە. بابەتی ناوچەی ئەمنیی کە لە ٣٢ کیلۆمەتر پێکدێت، هەمان شتە. ئەم بابەتە بەو ئاسانییەو بە رێکەوت نەهاتووەتە ئاراوە. هۆکاری هێرشکردنە سەر شەڕگران و عەین عیساش هەمان شتە. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر ئەو هێلە بە پلان و تاکتیک، هێرش دەکەنە سەریان."
ئاکیف حەسەکە هەروەها باسی لەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک بەنیازە ناوچە داگیرکراوەکانی بەرفراوانتر بکات و بەو هۆیەوە بەردەوامە لە هێرشەکانیدا و وتی:"پلانی پاکتاو-ی دەوڵەتی تورک کۆتایی پێنەهاتووە. ئێمە وەکو قەسەدە داگیرکەریی و هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەران قبوڵ ناکەین. هەڵوێستمان ئەوەیە کە داگیرکەریی سەر خاکەکەمان بشکێنین و دەستەکەتەکانمان بپارێزین و خاکەکەمان لە چەتەکان پاک بکەینەوە و کۆتایی بە داگیرکەرییەکان بهینین. "
'دەوڵەتی تورک ئامادەکاری بۆ شەڕی دەروونی دەکات'
حەسەکە هەروەها باسی لەوەش کرد کە دەوڵەوتی تورک ئامادەکاریی ئەوەش دەکات کە لە رووی دەروونییەوە رێبازەکانی شەڕی تایبەت دژی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکار بهێنێت، بۆیەش دەیەوێت دووبارە داعش لە هەرێمەکە زیندوو بکاتەوە و وتی:"لەگەڵ ئەمەشدا بێگومان تێکۆشان و خۆڕاگریی ئێمە بە تاکتیک و شێوازی نوێ بەردەوام دەبیت. ئێمە جارێکی دیکە دەلێین، ئامانجی داگیرکەران، تەنها لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلی کورد نییە، بەڵکو ئامانج لێدان و لەناوبردنی دەستکەوتە هاوبەشەکانی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە. بە کورتی ئەوەی بووەتە ئامانج، ئیرادەی گەلە."
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاکیف حەسەکە جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە کە کۆتایی بە داگیرکەریی بهێنن و دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، لە خاکی خۆیان وەدەرنێن.
ز.ش