ئاگری نەورۆز لە کۆبانێ تاوەکو جزیر گەشێنرایەوە

لە کۆبانێى قەڵاى تێکۆشان لە دژی داعش، لە هەرێمى جزیر و زۆرێک لە ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان ئاهەنگی پیرۆزکردنى نەورۆز بەڕێوەچوو و ئاگری نەورۆز بە شێوەیەکى شکۆمەندانە گەشێنرایەوە.

دەیان هەزار هاووڵاتى لە گردی مشتەنوری کۆبانێ، کە لە تێکۆشانى دژ بە چەتەکانى داعش دا مانایەکى سیمبولیکی هەیە بۆ کردنەوەى ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنى نەورۆز کۆبوونەوە.

 

پیرۆزکردنى نەورۆز لە کۆبانێ بە دروشمی "ئێمە بە رۆحی نەورۆز گۆشەگیرى تێکدەشکێنین و عەفرین ئازاد دەکەین" بەڕێوەچوو.

لە هەرێمى جزیریش لە زۆربەى هەرە زۆری شارەکاندا بە هەمان دروشم پیرۆزبایى نەورۆز دەستیپێکرد.

 

 لە قامشیلۆ لە بەرەبەیانیى ئەمڕۆەوە گۆڕەپانەکانى نەورۆز پڕ بوون لە هاووڵاتییان بۆ پیرۆزکردنى نەورۆز.

لە گۆڕەپانەکانى نەورۆزدا ئاڵاکانى تەڤدەم، یەپەژە، یەپەگە، قەسەدە و کۆنگرەى ستار هەڵواسراون.

هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و هێزەکانى پاراستنى کۆمەڵگە ئاسایشى نەورۆزەکە و هاووڵاتییان دەپارێزن.

ئاگری نەورۆز لەلایەن دایکانى شەهیدانەوە کرایەوە و  چەندین کەس وتەیان پێشکەشکرد.

لە دێرک-یش دەیان هەزار کەس بۆ پیرۆزکردنى نەورۆز کۆبوونەوە. لە گۆڕەپانى نەورۆزدا هاووڵاتییان بە جلوبەرگی ئاڵواڵی  خۆماڵییەوە گۆڕەپانەکەیان رازاندووەتەوە.

 

دواى ئەوەى دایکانى ئاشتى ئاگری نەورۆزیان کردەوە، وتەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەبارەى نەورۆزەوە پێشکەشکران.

لە عامودێ ئاگری نەورۆز لەلایەن دایکانى شەهیدانەوە کرایەوە. هەزاران کەس لە گۆڕەپانى گوندی چاخر کۆبوونەوە. گۆڕەپانەکە بە ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە رازاێنراوەتەوە.

پیرۆزبایکردنى ئاهەنگى نەورۆز لەناوچە جیاجیاکانى رۆژئاوای کوردستان بەردەوامیى هەیە.
ر.م