دوو شەهیدی بەرخۆدانی سەردەم بەخاکسپێردران

شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم، جوان عەفرین و جوودی چیا کە لە بەرخۆدانی سەردەمدا شەهید ببون لە شەهبا بەخاک سپێردران.

سەدان هاوڵاتی دانیشتووی ناوچەی عەفرین، تەرمی هەردوو شەهید بەناوەکانی (رەمەزان عەفرین- جوان عەفرین) و (ئیبراهیم ئەحمەد- جوودی چیا) کە لە ١٨ کانونی یەکەم لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم شەهید ببوون، لەبەردەم نەخۆشخانەی ئاڤرین-ی ناوچەی فافین-ی کانتۆنی شەهبا وەرگیران و بە کاروانێک بەرەو گۆرستان بەڕێکران.

دانیشتوان بەرەو ناوچەی ئەهرەس، لەناو هەلهەلەی دایکان، دروشمەکانی سڵاو لە شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم و شەرەف بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی تەرمی هەردوو شەهیدەکە بەخاک بسپێرن.

مەراسیم لە گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد. دواتر ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان خەلیل عیسۆ و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-ی نەورۆز عەفرینی، وتەیان پێشکەش کرد.

قسەکەران یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەمیان کردەوە و سەرەخۆشیان لە بنەماڵەکانیان کرد و جەختی کردەوە کە شەهیدان گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی شکۆی ئێمە بپارێزن، یەکێتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد بنێن، هەروەها گیانیان بەخشی بۆ ئەوەی خاکەکەمان لە دەوڵەتی تورکی فاشیست و چەتەکانی ڕزگار بکەن.

دواتر بڕوانامەی هەردوو شەهیدان لەلایەن ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئاڤدار محەمەد خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا. دواتر هاوڵاتیان تەرمی هەردوو شەهیدانیان بە هەلهەلەوە بەخاک سپارد.

ف.ق