راگەیاندراوەکانى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج و پنتاگۆن لەبارەى تەقینەوەکەى منبجەوە

ئەنجوومەنى سەربازیى منبج رایگەیاند، لە تەقینەوەکەى دوێنێدا ١٣ کەس ژیانیان لە دەستداوە و ١٨ کەسی تریش بریندار بوون. پنتاگۆنیش رایگەیاند، ٢ سەرباز و پاسەوانێک و کارمەندێکى ئەمریکی لەو تەقینەوەیەدا کوژراون.

ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لەبارەى هێرشە خۆکوژییەکەى سەر منبجەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "تیرۆر جارێکیتر هێرشی کردە سەر ئاسایش و ئارامیى منبج، کە شارێکە لەلایەن گەل و شەڕڤانەوە لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کراوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "بە ناوی ئەنجوومەنى سەربازیى منبجەوە ئەو کردە دڕندانەیە بە توندی ئیدانە دەکەین. ئەو هێرشە جارێکیتر سەلماندى، کە هێشتا تیرۆریستەکان تواناى ئەنجامى هێرشی تیرۆریستییان هەیە. بۆیە ئێمە ئەوە بە ئەرکی ئەخلاقی و ئاسایشی خۆمانى دەزانین، کە بۆ رزگارکردنى گەلەکەمان و جیهان لە هێزە تاریکەکان بەردەوام بین لە بەرەنگاری و تێکۆشانەکەمان.

 ئێمە لەوە دڵنیاین و جەخت لەوە دەکەینەوە، کە ئەو کردەوانە ناتوانێت ئیرادەمان تێکبشکێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هێز و پێداگریى ئێمە بۆ تێکشکاندنى پلانی تیرۆریستەکان، کە هەوڵ دەدەن ئاسایشی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە ناو ببەن، زیاتر دەکات. بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى ئاستى پاراستنیش بەهیزتر دەکەین.

روونە تیرۆریستەکان ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی هەریمەکە دەکەنە ئامانج و هێشتاش مەترسییەکانیان کۆتایى پێنەهاتووە. لەبەر ئەوەش ئێمە تێکۆشانمان لە دژیان درێژە پێدەدەین و هەموو پیلانگێڕییەکانیان بۆ نەهێشتنى ئاسایش و ئارامیى ناوچە رزگارکراوەکان، تێکدەشکێنین".

راگەیاندراوى پنتاگۆن

وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) لەبارەى هێرشە خۆکوژییەکەى منبجەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ٢ سەربازی ئەمریکی، پاسەوانێک و کارمەندێکى مەدەنیى گرێبەستیان کوژراوە.

ر.م