شەڕڤانانی ئینتەرناسیۆنالیست بە هەستیارییەوە چاودێریی دۆخی کۆرۆنا لە وڵاتەکانیان دەکەن

شەڕڤانانی لیوای ئازادیی ئینتەرناسیۆنالیست لە رۆژئاوا هەم کارەکانى خۆی ئەنجام دەدات و هەم چاودێریی دۆخی وڵاتەکانى خۆیان دەکەن، کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایان تیایاندا بڵاوبووەتەوە.

ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە رۆژئاوا رایانگەیاند، پشتیوانى لە گەلانی وڵاتەکانی خۆیان دەکەن و سەرنجیان خستە سەر گرنگیی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە.

شەڕڤانێکى ئینتەرناسیۆنالیستی فەرەنسی بە ناوی تێکۆشەر ئی لە لیوای ئازادیی ئینتەرناسیۆنالیستی رۆژئاواى کوردستان هەم لە خولی پەروەردەی سەربازی و هەم پەروەردەی ئایدۆلۆژیکدایە و هەم فێری زمانى کوردی دەکرێت. بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆناوە هەوڵ دەدات دۆخی فەرەنسا چاودێری بکات، بەڵام بەهۆی هەلومەرجەکەوە ناتوانێت زانیاریی زۆر لەبارەى دۆخی فەرەنساوە بەدەست بهێنێت.

تێکۆشەر وتی "حکومەت بەردەوامی بە باری نائاسایی دەدات بۆ ئەوەى بتوانێت باشتر کۆنترۆڵی پەتاکە بکات و بۆ ئەوەش یاسا تایبەت و شازەکان بەکار دەهێنێت. ئەوەندەی من دەیزانم، لەبەر ئەوەى زوو و لە کاتى خۆیدا رێوشوێن نەگیراوەتەبەر، بۆیە بەهۆی سیاسەتى رەزیلانەى تەندروستییەوە، سەدان کەس ژیانیان لە دەستداوە و ژیانیشیان لەدەست دەدەن، بۆیە لەم دۆخەدا پشتیوانیکردنی کۆمەڵایەتى و خۆبەرێکخستن کردن زۆر گرنگە".

میرکۆ شەڕڤانێکى ئینتەرناسیۆنالیستی خەڵکی ئیتالیایە و لە ئەیلولی ٢٠١٩ واتە ماوەى ٨ مانگە لە رۆژئاوای کوردستانە و خۆی زەحمەتکێشێکى کەرتی تەندروستییە، بۆیە هەم وەک زەحمەتکێشێکى کەرتی تەندروستی و هەم وەک شەڕڤانێک بەشداری لەکارە کۆمەڵایەتى و سەربازییەکاندا دەکات. لەبەر ئەوەش لە کاتى ئەم پەتایەدا لە گۆڕەپانی شەڕدا بەرپرسیارێتیی زیاتری کەوتووەتە سەر شان.

میرکۆ سڵاو لە هەوڵ و ماندبوونی گەلی ئیتالیا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و وتی "دەستبەرداری هەوڵ و تێکۆشانەکانتان نەبن و بەهێز بن. کاتێک ئێمە هەموومان پێکەوە بین دەتوانین بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینەوە و تێکیبشکێنین. ئێمە لە رۆژئاواوە پشتیوانتانین".

ژ.ت