قەسەدە: داگیرکەران خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج

قەسەدە رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەکە بەردەوامن و ئاشکراشی کرد، هێزەکانی داگیرکەران خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک –قەسەدە لەبارەی هێرشی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:

"سوپای تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی بە مەبەستی بەرفراوانکردنی ئەو ناوچانەی داگیری کردوون، بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەشدا؛

عین عیسا

٩ی کانونی دووهەم فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، خاڵی پشکنینی ناوچەی عەین عیسایان بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی و کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار بوون. هەمان رۆژ سوپای داگیرکەران بە مووشەک و چەکی قوڕس لە نزیک گوندی هۆشان هێرشیان کردە سەر رێگای نێودەوڵەتی (M4). لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی زۆری مادی بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان کەوت.

گرێ سپی

لە ١٠ و ١١ی کانونی دووهەم سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، بە مووشەک و هاوەن گوندەکانی ئەریدا، شۆربەنیسک و قیزال-یان تۆپباران کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی کەوت.

تربەسپی

دوا نیوەڕۆی ١٢ی کانونی دووهەم، کاتژمێر ١٣:٠٠ لە نزیک گوندی دۆکر کە ناوچەیەکی جێبەجێکردنی ئەرکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە، لە لایەن سوپای تورکی داگیرکەروە هێرشی کرایە سەر. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ٢ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوڵاتییەک شەهید بوون. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەی مەدەنیش بریندار بوون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو رۆژەوەی ئاگربەست راگەیێنراوە تا ئەمڕۆش، بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە لە هێرشەکانیدا."

ز.ش