لە باغۆز هێزەکانی قەسەدە ۳ شەڕڤانی دیلی ئازاد کرد

ە باغۆزی دێرزوور هێزەکانی سوریای دیموکراتیک- قەسەدە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی چەتەکانی داعش و لە ئۆپەڕاسیۆنێکی تایبەتیشدا ۳ شەڕڤانی دیلی دەستی داعشیان ئازاد کرد.

لە شارەدێ باغۆزی سەر بە ڕۆژهەڵاتی پارێزگەی دێرزووری سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک- قەسەدە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی چەتەکانی داعش کە لە چەند سەد مەتر چوارگۆشەیەکدا گەمارۆ دراون. لە شەوی ڕابردووشەوە تا ئێستا گورزی قورس لە چەتە گەمارۆدراوەکان دەدرێت. هەروەها وەک ڕۆژانی ڕابردووش ژمارەیەکی دیکە لە چەتەکان و خاوخێزانیان ناچاری خۆڕادەستکردن کراون و شەڕڤانانیش گواستنیانەوە بۆ بەرەکانی دواوەی شەڕ.

لە لایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە لە ئۆپەڕاسیۆنێکی تایبەتدا توانیان ۳ شەڕڤانی دیلی دەستی داعشیان ئازاد بکەن. شەڕڤانە ئازادکراوەکان بە ئاژانسەکەمان فوڕات نیوز (ANF)یان ڕاگەیاندووە: "چەتەکانی داعش ئێمەیان لە نێو مەکینەیەکدا حەشار دابوو. بەڵام هێزەکانی قەسەدە  لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و هەستیاردا بێئەوە زیانمان پێبگات ڕزگاریان کردین".

شەڕڤانە ئازادکراوەکان ئاشکریان کردوە: "ئیدی لەم دوایانەدا تەواو دۆخمان خراپ بوو، تینویەتی و برسیەتی زۆری بۆ هێنابووین. ئەگەر هەڤاڵانمان فریمان نەکەوتنایە دۆخێکی زۆر خرابتر چاوەڕێمانی دەکرد. بۆ ئەوەش سپاسیان دەکەین".

جێگای ئاماژەیە، هێزەکانی سورای دیموکراتیک-قەسەدە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی و بە بارمتەگرتنیان لە لایەن چەتەکانی داعشەوە، بە هەستیاریەکی زۆرەوە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی داعش ئەنجام دەدەن. سەرەڕای ئەوەش لە ۳ ڕۆژی دواییدا زیاتر لە ٦ هەزار چەتەی داعش و خێزانەکانیان و هاوڵاتی مەدەنیان لە ناو گەمارۆکە دەرخستووە و گواستونیانەتەوە بۆ شوێنی پارێزراو.

دیمه‌ن

هـ.هـ