لە کۆبانێ کاروانێکی سەربازی هاوبەشی روسی-تورکی هێرشی گەلیان کرد

کاروانێکی سەربازی هاوبەشی سوپای روسی و تورکی لە رۆژئاوای شاری کۆبانێ، بە بۆمبی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر هاوڵاتییان کە ناڕەزاییان دەربڕیبوو.

کاروانێکی هاوبەشی سەربازانی روسی-تورکی لە رۆژئاوای شاری کۆبانێ گەشتێکی سەربازی ئەنجامدا. ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکانی هەردوو وڵات لە گوندی چەرقەلی، سەفک، بێندەر و خۆرخەرییەوە تێپەڕین، لە هەمان کاتدا هەلیکۆپتەریش بەسەر کاروانە سەربازییەکەدا دەگەڕا.

کاروانەکە لەکاتی تێپەڕبووندا رووبەرووی ناڕەزایی هاوڵاتییان بوونەوە و بەرد و پێڵاویان گرتە ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکان. دواتر ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکان و هەلیکۆپتەرەکە بە بۆمبی فرمێسکڕێژ وڵامی هاوڵاتییانی دایەوەو هێرشیان کردە سەر گەل.

لە لایەکی دیکەوە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی روسیا لە ناوچەی عەین عیسا چووە دەرەوە، بەرەو گوندەکانی ناوچەی شەڕگرکای گرێ سپی و لەوێشەوە دەرباسی گوندی چەلەبی بوو.

ز.ش