مانگی سووری کوردستان کاروانێکى تری هاوکاریى بۆ عەفرینییەکان نارد

رێکخراوى هاوکاریى مرۆیى مانگی سووری کوردستان رایگەیاند، بە بڕی ٣٠٠ هەزار یورۆ هاوکاریى بۆ هاووڵاتییانى عەفرین لە شەهبا ناردووە.

مانگی سووری کوردستان رایگەیاند، بە بڕی ٣٠٠ هەزار یورۆ هاوکاری، کە لە ٥ ئامبولانس، بەتانی، راخەر، باتریى وەزی خۆر و گەرمکەرەوە، بەستەى خواردن، شیری منداڵ پێکهاتوون بۆ دەیان هەزارا هاووڵاتیى عەفرین لەهەرێمى شەهبا رەوانە کردووە.

 

لە رایگەیاندراوەکەى مانگی سووری کوردستاندا هاتووە "دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار بە ئامانجی داگیرکردنی عەفرین و کۆچبەرکردنى هاووڵاتییانى عەفرین دەستیان بە هێرشی داگیرکەری کرد. دەوڵەت تورک و چەتەکانى پێبەندی ئەخلاق و پێوەری شەڕ نەبوون. لە عەفرین ژنان، منداڵان، بە تەمەنەکان کرانە ئامانج. بە بۆردومانکردنى شوێنە مەدەنییەکان ژیان و ئارامی و ماڵی هاووڵاتییانیان کاولکرد. خانوو، بینا، مزگەوت، نەخۆشخانە، بەنداو، کامپەکانى پەنابەران لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کرانە ئامانجی بۆردومانەکان".

راشیگەیاندووە "هەروەها دەستیان کرد بە دزینى هەموو ماڵ و موڵک و کەلوپەلی هاووڵاتییانى عەفرین و عەفرینیان تاڵانکرد. لە ٢ مانگدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتییان کوشت، کە چەندین ژن و منداڵیشیان لە ناودا بوو و زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی تریشیان بریندار کرد".

مانگی سووری کوردستان ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و چەتەکانییەوە سەدان هەزار هاووڵاتیى عەفرین ناچار بوون کۆچ بکەن و ئێستا لە هەرێمى شەهبا لە دۆخێکى قورس دا ژیان بەسەر دەبەن.

مانگی سووری کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو "دەوڵەتى تورک سەدان هەزار هاووڵاتیى عەفرینى کۆچبەر کرد و لە شوێنیاندا چەتەکانى نیشتەجێکرد، دیمۆگرافیاى گۆڕی و زەیتون و هەموو خێر و بێری شارەکەى تاڵانکرد".

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، مانگی سووری کوردستان لە سەرەتاى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک و چەتەکانییەوە تاوەکو ئێستا و بەپێى توانای خۆی هاوکاریى مرۆیى بۆ هاووڵاتییانی عەفرین رەوانە دەکات، کە بڕی ئەو هاوکارییانە گەیشتووەتە نزیکەى ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار یورۆ.

مانگی سووری کوردستان داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا و ناوچەکانى تری جیهان دەکات، کە دەست بە هەڵمەتى کۆکردنەوەى هاوکاریى مرۆیى بۆ هاووڵاتییانى عەفرین بکەن.

ر.م