هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازی سوریا

لەدژی فڕۆکەخانەیەکی سەربازی سوریا، هێرش ئەنجامدرا و بە پێی بەرپرسانی سوریا هێرشەکە لە لایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

ئاژانسی سانای فەرمی  سوریا ڕایگەیاند، لەدژی فڕۆکەخانەی تی٤ هێرشێک ئەنجامدراوە  و سیستمی بەرگری مووشەکی وڵامی هێرشەکەی داوەتەوە و ژمارەیەک مووشەک کەوتوونەتە خوارەوە.

بە پێی سەرچاوە سەربازیەکان بە تەنیا چوار مووشەک ئامانجەکانیان پێکاوە و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.

ڕاگەیەنرا هێرشەکە شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٠:٠٠ ئەنجامدراوە و ئیسرائیلیش لەسەر هێرشەکە هیچ قسەیەکی نەکردووە.

هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر بووە. ئەمریکا ٣ی کانونی دووەم قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کوشت. ئێرانیش ٨ی کانونی دووەم بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق.

ف.ق