له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ڕۆژاڤا، بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی ٢٠١١ له هه‌رێمی عه‌فرین په‌روه‌رده به زمانی كوردی ده‌ستی پێكرد. سه‌ره‌تا له لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه له چه‌ند ماڵ و گوندێك په‌روه‌رده به زمانی كوردی ده‌درا. له ماوه‌ی ٧ ساڵدا بوو به سیسته‌مێك كه له فێرگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه بگره تا زانكۆ پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی. ئه‌ندام و مامۆستایانی كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی (KPC-Demokratîk) ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده و فێركردن له عه‌فرین به‌ر له داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان.
له ساڵی ٢٠١١ هه‌تا ٢٠١٨ له بواری په‌روه‌رده هه‌نگاوی گه‌وره له عه‌فرین نران. به‌ر له‌وه‌ی داگیر بكرێت ٥٠ هه‌زار خوێندكار له عه‌فرین هه‌بوون. زنار ئه‌لۆش یه‌كێك له ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی كه له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه له‌نێو خه‌باتی په‌روه‌رده و زماندایه، به‌بیری خسته‌وه كه به‌ر له ٢٠١١ هه‌ندێك گه‌نج له ماڵان به‌نهێنی په‌روه‌رده‌ی كوردی‌یان داوه. باسی ئه‌و بارودۆخه‌ش ده‌كات كه به سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش هاته ئاراوه.
«به ٤ گه‌نج ده‌ستمان پێكرد»
زنار ئه‌لۆش گوتی: «پڕۆسه‌كه به ٤ گه‌نج ده‌ستی پێكرد. ٦ی ئه‌یلوولی ٢٠١١ له گوندی دووراكلیی ناوچه‌ی شه‌را-ی عه‌فرین یه‌كه‌م فێرگه به كوردی كرایه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ درا سازیی زمانی كوردی (SZK) دابمه‌زرێت. ژماره‌ی مامۆستاكانمان زۆر كه‌م بوون و پێویستیمان به مامۆستا هه‌بوو. له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٢ - ٢٠١٣دا له فێرگه عه‌ره‌بییه‌كان هه‌فتانه ٣ یان ٤ وانه‌ی كوردی ده‌دران. ئێمه ده‌توانین ئه‌و كاته وه‌ك كاتی سه‌رله‌نوێ ژیاندنه‌وه‌ی كوردی ناوببه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاربوو له له فێرگه‌كان په‌روه‌رده به زمانی كوردی ده‌درا و یه‌كه‌مجار بوو فێرگه‌ی كوردی بكرێنه‌وه. ئه‌مه دانیشتوانی عه‌فرینی زۆر دڵخۆش كرد. گه‌ل زمانی خۆی خۆشده‌ویست و ده‌ستی به فێربوون كرد. به‌تایبه‌تی منداڵان ده‌یانویست به زمانی دایكی په‌روه‌رده ببینن. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی مامۆستا و پێداویستییه‌كان، ئه‌مه به‌دینه‌هات. سه‌ره‌ڕای ئه‌م بێ دهرفهتییهش بۆ پۆله‌كانی یه‌كه‌م، دووهه‌م و سێیه‌م مامۆستا په‌روه‌رده كران. هێدی هێدی سیسته‌می خۆمان دامه‌زراند.»
«شۆڕشی زمانی كوردی سه‌ریهه‌ڵدا»
به‌ریهان مسته‌فا یه‌كێك له ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی به‌بیری خسته‌وه كه له سه‌رده‌می ڕژێمدا ئه‌وان له فێرگه‌ی عه‌ره‌بی خوێندوویانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵیانداوه بۆ بونیادنانی سیسته‌می په‌روه‌رده به كوردی هه‌وڵه‌كانیان به‌ره‌وپێش ببه‌ن.
«له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشی زمانی كوردیش پێكهات. له ناوچه‌ی شه‌را فێرگه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی به ناوی شه‌هید فه‌وزی كرایه‌وه. كه ئه‌مه بۆ كوردی بووه هه‌نگاوێكی گه‌وره. له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئه‌م فێرگه‌یه په‌روه‌رده‌ی كوردی ٧ ناوچه‌ی گرته‌وه. به‌ڵام ژماره‌ی مامۆستایان بۆ په‌روه‌رده‌كردنی خوێندكاران كه‌م بوو. هه‌رچه‌نده ئێمه هه‌وڵمان دا په‌روه‌رده بده‌ین، به‌ڵام ئاستی ئێمه‌ش به‌شی نه‌ده‌كرد. بۆیه سه‌ره‌تا ده‌ستمان به په‌روه‌رده‌كردنی خۆمان كرد. به‌م شێوه‌یه سازیی زمانی كوردی (SZK) دامه‌زرا. ده‌بوایه كۆمه‌ڵگه‌ش ڕازی كرابوایه كه هه‌تا ئه‌و كاته به زمانی عه‌ره‌بی په‌روه‌رده‌ی ده‌بینی. ساڵی ٢٠١٢ ئێمه زۆر له‌سه‌ر زمان كارمان كرد.»
ئه‌كادیمیا دامه‌زران
مسته‌فا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، به زیادبوونی ژماره‌ی مامۆستایان ده‌ستیان به دامه‌زراندنی گرووپی په‌روه‌رده‌كار كردووه بۆ پۆله‌كانی یه‌كه‌م، دووهه‌م و سێیه‌م. گوتی: «بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویستیمان به ئه‌كادیمیاكانی زمان هه‌بوو. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ساڵی ٢٠١٣ ئه‌كادیمیای شه‌هید فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر دامه‌زرا. ماوه‌ی په‌روه‌رده له‌و ئه‌كادیمیایه ٢ مانگ بوو. له هه‌ر خوولێكدا ٣٠ مامۆستا په‌روه‌رده ده‌كران. ده‌رباره‌ی ڕێزمان و وێژه‌ی كوردی په‌روه‌رده ده‌درا. ٦٥٠ مامۆستا له‌م ئه‌كادیمیایه په‌روه‌رده بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌كادیمیای شه‌هید ئارین میركان دامه‌زرا.»
خوێندنی باڵا
به‌ریهان مسته‌فا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد، له ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان سازیی زمانی كوردی و یه‌كێتیی مامۆستایانی ڕۆژاڤادا بڕیار درا كه پێویستی به فێرگه‌ی خوێندنی باڵا هه‌یه. په‌یمانگه‌ی شه‌هید ڤیان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه دامه‌زرا. گوتیشی، «بۆ ئێمه پڕۆسه‌یه‌كی زۆر گرنگ بوو. چونكه یه‌كه‌مجار بوو له ڕۆژاڤا فێرگه‌یه‌كی باڵا دابمه‌زرێت كه به زمانی كوردی په‌روه‌رده بدات. ئه‌مه ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو له‌نێو عه‌فرین.»
ناوبراو گوتی، سه‌ره‌ڕای زه‌حمه‌تی و كه‌می ده‌رفه‌ت له ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه به‌ره‌و پێش چوون و ئیدی په‌روه‌رده به زمانی كوردی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا چه‌سپا و په‌سه‌ند كرا.
ژماره‌ی وانه و زمانه‌كان زیاد كرا
به‌ریهان مسته‌فا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی خسته سه‌ر كۆنفڕانسی په‌روه‌رده‌ی ساڵی ٢٠١٥ كه له ئاستی كانتۆنه‌كانی ڕۆژاڤا ساز كرا. گوتی: «له‌م كۆنفڕانسه‌دا سازیی زمانی كوردی بوو به كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی. كاره‌كه زیاتر به‌رفره‌وان كرا. به سازكردنی ئه‌و كۆنفڕانسه ئیدی په‌روه‌رده به كوردی نه‌ك هه‌ر له پۆلی یه‌كه‌م تا پۆلی شه‌شه‌م ده‌بێت، به‌ڵكوو تا پۆلی ١٢ ده‌گرێته‌وه. بێگومان ئه‌مه بۆ كوردی هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ بوو. له هه‌مان كاتدا ئێمه زمانه‌كانی دیكه‌شمان له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه نه‌هێشته‌وه. له فێرگه كوردییه‌كان دوای پۆلی چواره‌م وانه‌ی عه‌ره‌بی و ئینگلیزیش زیاد كران. له فێرگه عه‌ره‌بییه‌كانیش له پۆلی چواره‌م به‌دواوه وانه‌كانی كوردی و ئینگلیزی زیاد كران. دوای پۆلی حه‌وته‌میش وانه‌ی فه‌ڕه‌نسی له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا جێگیر كرا.»
له ئه‌كادیمیا تا خوێندنی باڵا
زنار ئه‌لۆش له لێدوانه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌ی كرد، كاتێك شه‌ڕی كۆبانێ له ئارادابووه ٣ هه‌ڤاڵی پێشه‌نگیان شه‌هید بوون. گوتی: «بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نداره‌تی له یادی ئه‌وان بكه‌ین، بڕیارماندا كه كاری خۆمان به‌رفره‌وان بكه‌ین. بڕیار درا كه ئه‌كادیمیای شه‌هید زۆزان بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها له ئاستی خوێندنی باڵادا به‌شه‌كانی كشتوكاڵ، كۆمپیوته‌ر، میكانیك و وێژه كرانه‌وه. له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٦ - ٢٠١٧دا ئیدی هه‌موو ماتریالهكانمان به كوردی بوون.»
«له ئه‌كادیمیای شه‌هید زۆزان ٤٠٠ مامۆستا په‌روه‌رده بوون. له‌م ئه‌كادیمیایه وانه‌ی ژنۆلۆژی، فه‌لسه‌فه، فیزیا، كیمیا، مێژوو، جوگرافیا و زینده‌وه‌رزانی هه‌بوون. ئه‌و مامۆستایانه‌ی لێره په‌روه‌رده ده‌كران، ده‌یانتوانی تا پۆلی ٧ و ١٢ په‌روه‌رده بده‌ن. دوای خوێندنی ١٢ ساڵ، خوێندكاران ده‌یانتوانی به‌رده‌وامی به خوێندنی خۆیان بده‌ن. یه‌كه‌مین زانكۆی ڕۆژاڤا دامه‌زرا. له‌و زانكۆیه به‌شه‌كانی وێژه‌ی كوردی، میكانیك و ئابووری هه‌بوون.»
هاریكاریی مه‌خموور
ئه‌لۆش وه‌بیری خسته‌وه كه ئه‌م سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنه، پێشتر له وارگه‌ی په‌نابه‌رانی شه‌هید ڕۆسته‌م جوودی له قه‌زای مه‌خمووری باشووری كوردستان دامه‌زراوه. هه‌ر بۆیه له كاتی دامه‌زراندنی سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنی ڕۆژاڤا زۆر مامۆستا له مه‌خمووره‌وه چوونه‌ته ڕۆژاڤا به‌مه‌به‌ستی هاریكاری.
درێژه‌ی هه‌یه...
s.m