بە هەزاران کەسوکاری شەهیدان لە شاری کۆبانێ بە مەبەستی شەرمەزارکردنی داگیرگەرییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد-ی شارەکە گرد بوونەوە.
هاوڵاتییان لە گۆڕەپانی ژنانی ئازادەوە دەستیان بە رێپێوانێک کردوو بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگیک بەڕێکەوتن. لە رێپێوانەکەدا وێنەی شەهید و قوربانیانی کۆمەڵکوژیی دەستی دەوڵەتی تورک و پۆستکارتی "بە خوێنی شەهیدان و هاواری منداڵەکانمان، لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەکەین" و " نا بۆ ئەو پەیمانانەی لەسەر خوێنی شەهیدانمان ئیمزا دەکرێن" و "هەموومان قەسەدەین" بەرز کرانەوە.
جگە لە خزم و کەسوکاری شەهیدان، بەڕێوەبەر و ئەندامانی رێکخراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش بەشداری رێپێوانەکە بوون.
لە گۆڕەپانی شەهید عەگید رێپێوانەکە گۆڕا بۆ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و سەرەتا بە دەقەیەک وەستان بۆ خوێنی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر تۆڵین شێخ ئەحمەد خویشکی شەهید فەرمان بە ناوی ئەنجومەی کەسوکاری شەهیدانەوە قسەی کرد و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرش و بنپێکارییەکانی دەوڵەتی تورک، شەرمەزار کرد.
دواتر مستەفا مسلم بە ناوی ئەنجومەنی شەهیدانی ناوچەی شیرین قسەی کرد و وتی:"ئێمە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و دیمۆکراسیی لێرە بووین، کاتێک هەموویان لە ترسی تیرۆری داعش رایانکرد، ئێمە لێرە ماینەوە. بۆ پاراستنی جیهان شەڕمان کرد و بە هەزاران شەهید و بریندارماندا. ئێمە سەرکەوتین."
کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بە دروشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان و بەرز راگرتنی بەرخۆدانی شەڕڤانانی قەسەدە کۆتایی پێهات.
ز.ش