ئۆمێد بەروشکی هەشت رۆژە لە زیندانی پەدەکەدا مانی لە خواردن گرتووە
ڕۆژنامەنووسی حوکمدراوی بادینان’ئومێد بەرۆشکی’، لەناو دادگای دهۆک ڕایگەیاند، کە هەشت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و تەندروستیی باش نییە.
ڕۆژنامەنووسی حوکمدراوی بادینان’ئومێد بەرۆشکی’، لەناو دادگای دهۆک ڕایگەیاند، کە هەشت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و تەندروستیی باش نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی حوکمدراوی بادینان’ئومێد بەرۆشکی’ وەریگرتووە، ئەمڕۆ لەناو هۆڵی دادگا لەکاتی کاتی بەرگرییکردن لە خۆی، ئومێد بەرۆشکی ڕایگەیاندووە؛ کە هەشت ڕۆژە مانی لە خورادن گرتووە و تەندروستیی باش نییە.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کرد، کە ئەوان چاویان بە ئومێد کەوتووە، بەڵام لەناو هۆڵی دادگا، ڕێگایان پێنادرێت قسە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بکەن و تەنیا گوێبیستی وتەکانیان دەبن لەکاتی دادگاییکردندا.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە پرۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ‘ئومێد بەرۆشکی’ لە دادگای دهۆک لەسەر سێ کەیس بەڕێوەچوو، دوو کەیسیان یەکلایی کرانەوە و بۆ هەریەکەیان سزای شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، کەیسێکیشیان بۆ دانیشتنی داهاتوو هەڵگیرا.
پێشتریش بۆ سێ کەیسی دیکە، ئومێد بەرۆشکی سزای ساڵێک زیندانیی و پێبژاردنی ٢٥٠ هەزار دینار درابوو، کەیسێکی دیکەشی لە دادگای هەولێرە و بڕیاری لەسەر نەدراوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ٦ی ئەم مانگەوە، ھەر یەکە لە کارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب، شێروان تەھا و مەسعود عەلی دەستان بە مانگرتن تا مردن کردووە و نە نان دەخۆن نە ئاو، هەر لەگەڵ دەستپێكی مانگرتن لەلایەن ئەو دەستگیركراونەوە، ٨١ دەستگیرکراو و حوکمدراوی دیکەی بادینان، دەستیان بە مانگرتن لە خورادن کردووە، ئەویش لەبەرامبەر یەکلانەکردنەوەی کەیسەکانیان و داواکاریی بۆ ئازادکردنیان و ناڕەزایی دەربڕین لە خراپیی دۆخیان لە زیندانی ئاسایشی هەولێر.
ف.ق