پەنیر بە مەنێ و گیای کوێستانییەکانی تر لە بازاڕەکاندایە

پەنیر بە مەنێ و گیای کوێستانییەکانی تر یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکییەکانى باکووری کوردستان و بە دەست و رەنجی ژنان بەرهەم دەهێنرێت و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ژیانی گەل و کاسبکارانیشە.

پەنیر بە مەنێ و گیای کوێستانەکانی دیکە بە زۆری لە شیری مەڕ دروست دەکرێت. مەڕ و ماڵات دواى تێپەڕاندنی مانگەکانى زستان لە گەوڕ و ئاخوڕەکاندا لە بەهاردا لەلایەن خاوەنەکانیان دەبرێن بۆ کوێستانەکان و لەگەڵ لەوەڕیان لە گژ و گیای بەهاریدا جوانترین شیر دەدەن و لەو شیرە تازەیە پەنیر بە مەنێ و پەنیر بە گیا کوێستانییەکانى تر دروست دەکەن و رەوانەى بازاڕەکانی دەکەن.

پەنیری وان بەهۆی دەوڵەمەندیی لەوەڕگەکانییەوە بە چەندین جۆر گژ و گیا سەرچاوەی بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی ناوچەکەیە.  ئەو پەنیرە بە رەنج و دەستی دایکان دروست دەکرێت و پەنیرەکە مەنێ و چەندین گیای کوێستانیی تێدەکەن و بەوەش تام و بۆن و بەرامەیەکى تایبەتی  پێدەبەخشن.

 ئەو پەنیرە سەرچاوەی بژێویی هەزاران خێزانى ناوچەکەیە و سەرەتا رەوانەى بازاڕەکانى باکووری کوردستان و دوای ئەوەش رەوانەی شارەکانی تری تورکیا و چەند وڵاتێکى ناوچەکە و ئەوروپا و جیهان دەکرێت.

لە وەرزی پاییز و هاویندا بەهۆی زۆربوونی بەرهەمی پەنیرەوە بەهاکەى دادەبەزێت و کیلۆی لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ لیرەى تورکی دەفرۆشرێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەهاکەى بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٠ تاوەکو ٤٠ لیرەى تورکی.

ژ.ت