کۆمیتەى تەندروستیی شەنگال راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە

کۆمیتەى تەندروستیی شەنگال رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە شەنگال تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام مەترسییەکە بەردەوامە، بۆیە داواى لە دانیشتوانى ناوچەکە کردووە رێکارەکانى خۆپارێزی بگرنەبەر.

کۆمیتەى تەندروستیی شەنگال لەبارەى دۆخی تەندروستیی ناوچەکە و مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆمتیەى تەندروستیی شەنگال دا هاتووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا ئەوانیش بۆ پاراستنی گەلەکەیان رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و تاوەکو ئێستا بەهۆی رێوشوێنەکانەوە رێگری لە رۆیشتنی ڤایرۆسەکە بۆ ناوچەکەیان کراوە.

راشیگەیاند،، تاوەکو ئێستا لە شەنگال هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام مەترسیی نەخۆشییەکە هەر بەردەوامە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی زانیارییەکان ٢ کەس لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق لەسەر سنوور تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ئەو کەسانەش بە ناو شەنگال دا سوڕاونەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە گەل کراوە، کە ئاگاداری خۆیان ببن و ئەگەر زۆر پێویست نەبوو نەچنە دەرەوە و ناو بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکان و بە کۆمەڵ کۆنەبنەوە.

داوای ئەوەشکراوە، لە کاتی چوونە دەرەوەدا کەمامە و دەستکێش بەکاربهێنن.

کۆمیتەى تەندروستیی شەنگال راشیگەیاند، تاوەکو ئاستێک ئامادەکارییان بۆ هەموو بارودۆخێک کردووە تاوەکو بۆ تەندروستیی گەل بە باشی بپارێزن و درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

ژ.ت