هەسەدە شەهیدبوونی شەڕڤانێک ڕادەگەیەنێت

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) شەهیدبوونی شەڕڤان ئەسڵان ئەڵکان پاش کاروانێکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان و بنیاتنان ڕادەگەیەنێت، بەڵێن دووپات دەکاتەوە بۆ بەگوڕکردنەوەی تێکۆشان و بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان بۆ ئازادی و ئارامی.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ناسنامەی شەڕڤانێکی ئاشکرا کرد، تێیدا هاتووە:

" پاش کاروانێکی درێژ لە شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو قۆناغە دژوارەکان، هەڤاڵمان ئەسڵان ئەڵکان شەهید بوو، ئەو گەواهیدەر و بەشداربووە لە هەموو قۆناغەکانی بنیاتنان کە دەسکەوتی مەزنی گرتەخۆ بۆ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە.

هەڤاڵمان ئەسڵان لە شاری سەرێکانی لەنێو بنەماڵەیەکی عەرەبی ڕەنجدەر و وڵاتپارێز پەروەردە بووە کە چەندین ڕۆڵەی لەڕێگەی ئازادی بەخشیوە، خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی تەواو کردووە و پاشان چۆتە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دیمەشق، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداردەبێت لە شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پشت دەکاتە ژیانی تایبەتی خۆی، تەمەنی خۆی خستە خزمەتی پاراستنی هەرێمەکە و گەلەکەی بەرامبەر هەموو هێرشەکان.

هەڤاڵ ئەسڵان بەشداربووە لە چەندین خولی پەروەردەیی و سەربازی، چەندین ئەرکی شۆڕشگێڕانەی گرتۆتە ئەستۆ، بەشداربووە لە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی چەتەکانی داعش و داگیرکەری تورک، لەو ماوەیەدا شەهیدبوونی چەندین هەڤاڵی بەچاوی خۆی بینی، لەوانەش برایەک و دوو ئامۆزای، ئەمەش زیاتر پێداگری کرد تا ببێتە شەڕڤانێک و ئامانجەکانیان بەدی بهێنێت. 

شەهید ئەسڵان بە خاکەڕایی و ڕەفتاری جوان ناسرابوو، کاتەکانی لەنێو هەڤاڵەکانی دەبردەسەر، ئارامگرێک بوو پاشەکشەی نەدەزانی، پێشبڕکێی دەکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەر شانی.

هەڤاڵمان ئەسڵان لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکەی  لە شارۆچکەی عەریمە لە ڕۆژئاوای شاری مەنبەج، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبیلەکەی شەهیدبوو.

لەگەڵ ئەوەی سەرەخۆشی لە هەڤاڵان و بنەماڵەکەی دەکەین، بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ بەگوڕکردنەوەی تێکۆشان دژی هەموو ئەو هێزانەی دەیانەوێت ئارامی هەرێمەکانمان بشێوێنن، درێژە بە فیداکاری شەهیدان دەدەین تا بەدیهاتنی ئامانجەکانیان بۆ ئازادی و ئارامی.

ناسنامەی شەهید بەم جۆرەیە:

ناسناو: ئەسڵان ئەڵکان

ناو و پاشناو: عەمار ئەحمەد

ناوی دایک: فاتمە

ناوی باوک: سەتام

شوێن و کاتی لەدایکبوون: سەرێکانی / ١٩٩١.

شوێن و کاتی شەهیدبوون: عەریمە/ ٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣"