د. شامبێرگێر: ئەڵمانیا بە دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد گورز لە پرۆسەکە دەدات

دکتۆر کەرەم شامبێرگێر ڕایگەیاند، سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی تەڤگەری ئازادیی کورد، بەڵام بە ئێستایشەوە ئەڵمانیا بەردەوامە لە دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کورد، ئەمەش لێدانە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکراتیک.

کەرەم شامبێرگێر

پاش "بانگەوازی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٧ی شوبات بۆ ڕای گشتی راگەیەندرا، پەکەکە بۆ یەکەمجار بە ڕێگەی کۆنگرەی ١٢ی خۆی کە لە ٥-٧ی ئایار بەڕێوەچوو، بڕیاریدا کۆتایی هێنانی بە چالاکییەکانی خۆی هێنا لە ژێر ناوی پەکەکە و بە مەراسیمی سووتاندنی چەک لە ١١ی تەمموزدا قۆناغێکی نوێ دەستپێکرد.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ دەکات و لە ڕێگەی میدیاکانەوە پەیامێکی ئاراستەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) کرد وڕایگەیاند کە ئەگەر داوای لێبکرێت دەتوانێت ڕەوڵی نێوەندگیری لە پرۆسەکەدا بگرێتە ئەستۆ.

بەڵام لەبەرامبەردا بەهۆی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیا کە لە ١٩٩٣ دەرکراوە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کورد هێشتا لەژێر گوشارەکاندان و سیاسەتمەدارە دیارەکانی کورد وەک یوکسل کۆچ دەستگیر دەکرێن.

لەسەر ئەم ڕێبازەی ئەڵمانیا لەگەڵ دکتۆر کەرەم شامبێرگێر، نووسەری کتێبی "لە سیستەمەوە تا تۆڕەکان، ڕاگەیاندن، سیاسەت و ڕۆژنامەگەری لە کوردستان" و شارەزای زانستە سیاسییەکان بەمشێوەیەی خوارەوە هەڵسەنگاندنی کرد.

دکتۆر کەرەم شامبێرگێر ڕایگەیاند کە بە دەیان ساڵە کورد لە ئەڵمانیا بوونی هەیە. ئەم پرۆسەیە لە خوێندکارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ بە کۆچی هێزی کرێکارەوە پەرەی سەند. واتە ئەڵمانیا خۆی خەڵکی بانگ کرد چونکە هێزی کاری هەرزانی پێویست بوو. بە هۆی جەنگی جیهانی دووەمەو زۆرێک لە پیاوانی ئەڵمانیا کوژران، بۆیە ناچار بوون خەڵک لە ئیتاڵیا، یۆنان، یوگۆسلاڤیا و هەروەها تورکیاوە داوا بکەن.

لە راستیدا ئەمە تەنها کۆچێکی کار نەبوو بۆ کورد لە تورکیا. بەڵکوو پرسێکی سیاسی بوو، لە ئەنجامی گەشەنەکردنی ئابوری ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هیچ کارێکی پیشەسازیی لەم ناوچانەدا دانەمەزرابوو، بەوبۆنەوە زۆرێک لە کوردەکان ڕوویان کردە ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا بۆ دۆزینەوەی کار.

لە دوای کودەتای سەربازی فاشیستی ساڵی ١٩٨٠، جگە لەو کۆچە کرێکارییە بەرەو ئەڵمانیا، کۆچی سیاسیش دەستی پێکرد. لەبەر ئەوە کەسانێک بە هۆی سەرکوتکارییە سەربازییەکانی تورکیاوە هەڵاتن. هەموو ئەم ماوەیە حکومەتی ئەڵمانیا لە ڕاستیدا سیاسەتی ئاسمیلەکردنی دەوڵەتی تورکیای پەیڕەو دەکرد. یانێ مرۆڤەکان تەنیا چەند ساڵێکە دەستیان کردووە بە ناسینی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان. تا ئەو کاتە کورد بەڕاستی بە بوون و ناسنامەی خۆی نەدەناسرا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد، کاتێک لە ١٩٨٠ ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەڵمانیا، لەو کاتەوە کورد، پێش هەموو شتێک وەک "مەترسی ئەمنی" دەبینرا. بۆیە یەکسەر بە "تیرۆریست" ناسران و وەک کێشەیەک سەیر دەکرا.

دەمەوێت ئاماژە بە دۆسیەکانی دوسڵدۆرف بکەم کە لە ساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٩٣-١٩٩٤ بەردەوام بوون، لەو کاتەدا قسەوباسێکی زۆر بەهێز لە میدیاکاندا هەبوو کە ژنانی کورد هەڕەشەیەکی ئەمنین. لەو چوارچێوەیەدا، لە ١٩٨٠کاندا، کورد هەرگیز وەک سەرمایە و بەشێک لەم کۆمەڵگایە نەدەبینرا؛ هەمیشە یان پشتگوێ دەخران یان بە کێشە دادەنران.

ئەوە تێپەڕیوە. ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم ئەم دۆخە کەمێک گۆڕاوە؛ کورد لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا، لە شوێنی کار و هەروەها لە ژیانی سیاسیدا بوونی هەیە؛ لە سایەی چالاکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد، کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە زۆرەکانی دەوروبەری گرێدراوی ئەم بزووتنەوەیە، کورد ئێستا لێرە بە شێوەیەکی تایبەت خەریکە پێگەی خۆی دۆزیوەتەوە، لێرە دەژین و هاوکاری ئێرەش دەکەن.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە حکومەتی ئەڵمانیا چیتر کورد سەرکوت یان دەستی لە گوشارەکانی هەڵگرتووە. بەڵام من باوەڕم وایە چیتر ناتوانرێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکرێت. بە تایبەت لە دوای شەڕی داعشەوە، جارێکی دیکە بەو بۆنەوە دەرکەوت کە کورد ڕۆڵێکی ئەرێنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت، بۆیە لە ئەڵمانیاشدا بڵاوبووەتەوە.

بۆیە بنەمای یاسایی ئازار و گوشارەکان لەبەرامبەر کەسایەتیە سیاسیەکانی کورد لە ئەڵمانیا بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩٩٣. ئەڵبەت ئەمەش پاساوێکی یاساییە و هۆکاری جۆراوجۆر لەم کارەدا ڕۆڵیان هەیە.

لەلایەک هۆکاری سیاسی ناوخۆیی هەیە کە کورد – بەتایبەت ئەوانەی بە سەر بە بزووتنەوەی ئازادیی کوردن– زۆر چالاکن، مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، دەچنە سەر شەقامەکان، چالاکی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. بۆ حکومەتی ئەڵمانیا کە ڕەگەزپەرستی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی تێدا داکوتاوە، هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە کە گروپێکی کۆچبەر بەرخۆدێر بڵێن "ئێمە لێرەین و مافەکانی خۆمان بەکاردەهێنین". ئەمەیە کە پێی دەوترێت ڕەهەندی سیاسی ناوخۆیی.

ئەڵبەت ڕەهەندی تریش هەن کە دانیشتوانی کورد و بزووتنەوەی ئازادیی کورد هەمیشە خۆیان وەک بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی پێناسە کردووە. لە ئەڵمانیادا نەریتێکی دژە کۆمۆنیزمی بوونی هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا، بەڵام لە سەردەمی فاشیزمی ئەڵمانیادا زیاتر دەرکەوت و دواتر بە ئاسانی گواسترایەوە بۆ کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا. خەڵک بۆ ڕێکخراوێک ڕژانە شەقامەکان کە یەکەم ڕەمزی لە ساڵی ١٩٧٨ئاڵای یەکەمی پەکەکە بوو وئەمە وەک "مەترسیەکی ئەمنی" سەیر کرا، ئەمڕۆ هێمایەکی وا نەماوە. ئەم هێمایانە گۆڕاون؛ هەرچەندە ئایدۆلۆژیا پێشکەوتووە، بەڵام هێشتا دەیانوێت بزووتنەوەیەکی چەپ سەرکوت بکەن و قبووڵی نەکەن.

ئێستا پێموایە ئێمە بەختەوەرین کە لە ساتێکی مێژووییدا دەژین کە بزووتنەوەی ئازادیی کورد کە یەکێکە لە گەورەترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکارییەکی قووڵی دەست پێکردووە. دەتوانین بەداواداچوون بۆ ئەم پرۆسەیە بکەین و بە جۆرێک ببینە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە.

لەکاتێکدا باڵی چەکداری بزووتنەوەی ئازادیی کورد ڕایگەیاند کە "دەمانەوێت شێوازی تێکۆشانمان بە دوور لە چەک و توندوتیژی بە سیاسەت و دیالۆگی دیموکراتیک دەست پێبکەین"، بەڵام جێگای سەرنجە کە زیاتر لە جاران چالاکوان و هەڤاڵانی کورد لە زیندانەکانی ئەڵمانیادا دەمێننەوە. تەنانه ت له م قۆناخه دا که بڕیاری کۆتایی بە چالاکیەکانی بە ناوی په که که ڕاگەیەندراوە، دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ له ٢٠ی ئایار و بەردەوامی قەدەغەکردنی پەکەکه، جێگای پرسیارە.

یوکسەل کۆچ لە ٢٠ی ئایار بەپێی مادەی ١٢٩دەستبەسەر و بە تۆمەتی "تیرۆر" ڕاگیراوە. بە هیچ تاوانێکی تاکەکەسی تۆمەتبار نییە، بەڵکو تەنها بە ئەندامیەتی لە پەکەکە تۆمەتبارە. یوکسەل کۆچ یەکێکە لە نوێنەرە ناسراو و گرنگەکانی کورد لە ئەڵمانیا؛ لە هەموو ئەوروپادا هاتوچۆ دەکات، ماوەیەکی زۆرە سەرۆکی ڕێکخراوی چەتری کورد بووە لە ئەڵمانیا و هەروەها کەسایەتیەکی ناسراوە لە ئەورووپا.

لە ڕاستیدا حکومەتی ئەڵمانیا بە دەستگیرکردنی، بە جۆرێک پرۆسەی ئاشتی تێکدەدات. واتە لەبری ئەوەی پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکات، بەکردەوە لە دژی دەردەکەوێت و چالاکانی کورد دەستگیر دەکات.

هەروەها محەمەد چاکاس نموونەیەکی دیکەی ئەمەیە: کەسێک کە لە ئیتاڵیا هێنراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، لێرە دەستبەسەر کرا، سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ئێستاش دەیانەوێت دیپۆرتی بکەنەوە نەک بۆ ئیتاڵیا، کە لەوێ دەژی، بەڵکو بۆ تورکیا، لەوێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندانیکردن و تەنانەت مردنیش دەبێتەوە. ئەمەش نیشانەیەکی زۆر ناڕەوایە لە سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی بیرۆکراسی ئەڵمانیا.

لە ئێستادا بزووتنەوەی ئازادیی کورد بە هۆی ئەو پێشهاتانەی کە دەستی پێکردووە، لە میدیاکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەیە. بەڵام تەنها ئەوەی له تورکیا و کوردستان ڕودەدات ئاماژەی پێدەکرێت. لە کاتێکدا بەڕاستی لێرە ئازار و گوشارەکان، لە ئەڵمانیا، وەک پرسێک لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی لەسەر ناکرێت. من پێموایە دەبێت دیسان باسێک لەسەر قەدەغەکردنی بێمانای پەکەکە بکرێت. لە ئێستاوە هەوڵێکی لەو شێوەیە لەم ئاراستەیەدا هەیە. بەتایبەت لەم قۆناغەی گۆڕانکاری و بنیاتنانەوە، پێویستە قەدەغەکردنی پەکەکە، کە تا ئەمڕۆش هۆکاری ئازار و گوشارەکانە، هەڵبگیرێت. پێویستە ئەم قەدەغەیە هەڵبوەشێتەوە.

پێموایە پێویستە لەم دواییانەدا بە جدی باس لەو ڕاستییە بکەین کە ژمارەیەکی زۆر تورک لە ئەڵمانیا دەژین. من یەکێکم لەوانە. هەروەها سەدان هەزار، تەنانەت نزیک بە ملیۆنێک کورد لە ئەڵمانیا دەژین. بۆیە پشتیوانیکردن لەم پرۆسەی ئاشتییە لە بەرژەوەندی ئەڵمانیاشدا دەبێت."