بە دیمەن

لە ئیشکگریی جنێڤ: گەلی مەخموور بە تەنیا نین

چالاکی دانیشتن بە داواکاری کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە لە بەردەم بارەگای جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە، لە هەفتەی ٢٢٨دا بەردەوامە.

لە چالاکیەکەدا نوێنەرانی سەندیکا کرێکارییەکان کە لە زۆر وڵاتەوە بۆ١١٣هەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی کار هاتبوون بۆ جنێڤ، بە بەشداری کردنیان لە چالاکییەکەدا پشتگیری خۆیان دووپات کردەوە.

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی ئەو کەسانەی کە لە گردبوونەوەکەی هەدەپە لە ئامەد لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کران دەستیپێکرد.

بە ناوی کۆمیتەی چالاکییەوە بەیاننامەیەک خوێنرایەوە. لە بەیاننامەکەدا باس لە گەمارۆدانەکانی کەمپی مەخموور کرا و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لەو بارەیەوە بێدەنگ نەبن. پاشان بارش یامان بەناوی گەنجانی مەخموورەوە قسەی کرد و سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریی ئیمرالی و گەمارۆدانی سەر مەخموور.

بارش یامان ڕایگەیاند؛ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و چارەسەری کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕاگەیەندرا، دەرفەتێکی مێژووییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا لەبری گفتوگۆ بە تێپەڕاندنی کات وەڵامی داوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە گۆشەگیری لە ئیمرالی هاتووە کە گۆشەگیریی بە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانە و هەوڵ دەدەن ڕێبەر ئاپۆ بە شیوەیەکی هەڕەمەکی لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی دیدار ئەنجام بدات. گۆشەگیریی سەپێندراو  بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا بەواتای سەپاندانی گۆشەگیریی بەسەر تەواوی گەلی کورد و هیواکانیانە بۆ ئاشتی.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گەمارۆدانی کەمپی مەخموور کراوە و بەرپرسیارێتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بەرامبەر بە کەمپەکە بەبیر هێناوەتەوە و هاتووە کە بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە بە هاوبەشی تاوان دەبینرێت.

یامان لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتی: "گەمارۆدانی مەخموور بەشێکە لە هێرشە هەمەلایەنەکان بۆ سەر گەلی کورد." هەروەها داوای لە گەلانی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لە دژی ئەو بێ یاساییە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.

چالاکییەکە هەتا درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو.