"دەوڵەتی تورک ژینگەی کوردستان جینۆساید دەکات"

دەووڵتی تورکی داگیرکەر ماوەی چەندین ساڵ بە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات و زیانێکی زۆریشی بە ژینگە گەیاندووە و چالاکوانێکیش ئەو هێرشانە بە جینۆسایدی ژینگە ناودەبات و داوا دەکات بە یاسا رێگری لە دەوڵەتی تورک بکرێت.

سوتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، کردنەئامانجی رەز و باخ و لەوەڕگەکان و تێکدانی کانیاو ەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو، بەشێک لە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرن دژی سروشت و ژینگەی کوردستان کە چەند ساڵێکە بەردەوامە لە سەر ئەو تاوانانەی.

شکۆفە محەمەد چالاکوانی بواری ژینگەیە و لەسەر ئەو جینۆسایدەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە ئاژانسی رۆژنیوز راگەیاندووە، "وەکوو دەزاندرێت جینۆساید جۆری زۆرە، نوێترین جینۆساید کە باسی یەکێک لە نوێترین جینۆسایدەکان کە سیاسەتی لە سەر دەکرێت جینۆسایدی ژینگەیە، هەندێک لە شارەزاکانیش بە ئیکۆسایدی ژینگەیی ناوی دەبەن، ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە، بە تاییەت لەم کاتەدا کە گۆڕانکاری ژینگەیی لە ناوچەکدا ڕوو دەدات، دەبێت ئێمە خۆمان بۆ بەرگریکردن لە گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەین، دەوڵەتی تورک و ئێران بە درۆن کوردستان بۆردوومان دەکەن".

باسی لەوەشکردووە، "بۆردوومانەکان بووە بە هۆکاری زیانی زۆر گەورە بە ئاژەڵداری و بەرهەمی ڕووەکە سرووشتیەکان، بە تایبەت لە دارستانە چڕەکان دوو بۆ چوار هەزار ڕووەکی خۆڕسک و سرووشتی لێ دەڕوێت، کە بەشێکە لە بژێوی ژیانی خەڵک، هەروەها بەشێکی دیکەشی بەکار دەهێندرێن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، هەموو شتێک لە کوردستان جینۆساید دەکرێت".

ئەو چالاکوانە داوا لە حکوومەتی ناوەندی عێراق و  حکوومەتی هەرێم دەکات، کە "بە پێی دەستوور، سنوورێک بۆ بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک دابنێن و وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ ئەو پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدەن".

هـ . ب