جه‌میل بایك هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه له میانه‌ی به‌شداری كردنی له به‌رنامه‌ی «ئولكه‌ده‌ن ئۆزه‌ل - Ulkeden Ozel»ی كه‌ناڵی «مه‌دیا هابه‌ر - Medya Haber»دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ڕۆژنامه‌وان ئه‌سرا میكیاز-ی دایه‌وه. بایك ڕایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی یه‌نه‌كه ده‌رباره‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی زیانی بۆ هه‌موو كوردان ده‌بێت.
قسه‌كانی كۆنسوڵی توركیا ئاشكران
جه‌میل بایك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه قسه‌كانی هاكان كاراچای كۆنسوڵی توركیا له هه‌ولێر ده‌رباره‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی هه‌موو شتێك ئاشكرا ده‌كات و هه‌موو كه‌سانی خاوه‌ن ویژدان ده‌توانن له‌م قسانه تێبگه‌ن. بایك گوتی: «ده‌وڵه‌تی تورك دوژمنی هه‌موو كوردانه، له‌به‌رئه‌وه دوژمنی سه‌ره‌كی لای كوردان ده‌وڵه‌تی توركه. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له باكوور، ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژاڤا و باشوور ده‌یكات له‌به‌رچاوانه. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و شتانه له‌ناو ببات كه په‌یوه‌ندییان به كورده‌وه هه‌یه. به‌بێ ئه‌وه‌ی بیشارنه‌وه، ئه‌مه به‌ئاشكرا باس ده‌كه‌ن.»
ئه‌و كوردانه‌ی ئه‌م شته نابینن
بایك هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه هه‌ندێك كه‌س كه خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندیی بچووك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك دروست بكه‌ن، نایانه‌وێت ئه‌م ڕاستییه ببینن. گوتیشی، له هه‌موو پارچه‌كان و له هه‌نده‌ران كوردان ده‌زانن كه دوژمنی سه‌ره‌كیی ئه‌وان ده‌وڵه‌تی توركه. بیری دیموكراتیی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و پێش ده‌چێت. ده‌زانن كه ڕێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن. ده‌بینن كه ئه‌و كه‌سانه‌ی گوایه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، له ڕاستیدا بازرگانی ده‌كه‌ن.
بڕیار به‌سه‌ر یهنهكهدا ده‌سه‌پێنرێت
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، دوای بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی ٣ پێشه‌نگه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردان، له ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌دا یه‌نه‌كه بڕیاری داخستنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی دا. له‌وانه‌یه ئه‌مه بڕیاری یه‌نه‌كه نه‌بێت و بڕیاری چه‌ند هێزێكی جیاواز بێت، به‌ڵام بڕیاره‌كه به‌سه‌ر یهنهكهدا سه‌پێنراوه. ئه‌و هێزانه‌ی له‌پشت ئه‌م بڕیاره‌ن، به سه‌پاندنی ئه‌م بڕیاره خزمه‌تی یه‌نه‌كه ناكه‌ن.
جه‌میل بایك گوتی: «ئه‌م بڕیاره وا ده‌رده‌كه‌وێت كه له دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردانه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م بڕیاره له دژی یهنهكهیه. به‌م بڕیاره ده‌یانه‌وێت یه‌نه‌كه ته‌نگه‌تاو بكه‌ن. پێویسته یه‌نه‌كه باش سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بدات. ئه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌یان داوه، ده‌یانه‌وێت به بڕیارێك ٢ ئامانج بپێكن. گوایه په‌كه‌كه و یه‌نه‌كه ده‌خه‌نه به‌رانبه‌ری یه‌كتر و گورز له په‌كه‌كه و یه‌نه‌كه ده‌ده‌ن. پێویسته یه‌نه‌كه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی بچووك و ڕۆژانه ڕه‌فتار نه‌كات، پێویسته باش تێبگات كه ئه‌م بڕیاره ڕێ بۆ ئه‌نجامی چۆن ده‌كاته‌وه.»
ئه‌م بڕیاره زیان به یه‌نه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت
بایك ده‌ستنیشانی كرد كه یه‌نه‌كه خاوه‌نی مێژوو و ئامانجه، ئه‌م بڕیاره خزمه‌تی ڕاستینه‌ی مێژوویی و ئه‌و ئامانجانه ناكات كه له‌پێناویدا دامه‌زراوه.
«یه‌نه‌كه له‌بری ئه‌وه‌ی بونیادنانی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یوه‌ندیی دیموكراتییانه بۆ خۆی بكاته بنه‌ما كه پێویستییه‌كی گه‌وره‌یه، ڕوو له بڕیاری وه‌ها ده‌كات كه زیانی پێده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م بڕیاره هیچ قازانجێكی بۆ یه‌نه‌كه نابێت. یه‌نه‌كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌نێو كورداندا ئیعتبارێكی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام به‌م بڕیاره زیان به په‌یوه‌ندییه دیموكراتییه‌كانی كوردان و سیسته‌می دیموكراتی ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م بڕیاره خزمه‌تی مێتینگه‌ری ده‌كات. باوه‌ڕ ناكه‌م كورد ئه‌م بڕیاره به ئاسایی دابنێت. من وه‌های ده‌بینم كه زۆر كادیر و لایه‌نگری یه‌نه‌كه‌ش ئه‌م بڕیاره به ئاسایی دانانێن. چونكه لایه‌نگرانی یه‌نه‌كه و كادیره‌كانیان ده‌خوازن له‌نێوان كورداندا په‌یوه‌ندیی دیموكراتی بونیاد بنرێن.»
ناوچه‌ی سۆران ئه‌مه قبووڵ ناكات
له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا جه‌میل بایك گوتی: «ناوچه‌ی سۆران ناوچه‌یه‌كه كه وه‌ڵاتپارێزی تێدا به‌هێزه. له‌م ناوچه‌یه‌دا تایبه‌تمه‌ندیی ڕۆشنبیری، وه‌ڵاتپارێزی، دیموكراتی و سۆسیالیستی هه‌یه. ڕۆشنبیری زۆر هێژای ئافراندووه. دۆستی من شێركۆ بێكه‌س یه‌كێك بوو له‌وان. ئه‌و ده‌ستكه‌وت و به‌هایه‌كی زۆر هێژای گه‌لی كورده. شاعیرێكی دڵداری ئازادی بوو. دۆستێكی هێژای من و ڕۆشنبیرێكی به‌هادار بوو كه زۆر ده‌یه‌ویست یه‌كێتیی دیموكراتیی نه‌ته‌وه‌یی كوردان و تێكۆشانی ئازادیی كورد به‌دیبێت و تاك، كۆمه‌ڵگه و ژیانی ئازاد له كوردستان شین ببێت. ئایا ڕۆشنبیر و وه‌ڵاتپارێزانی له‌و شێوه‌یه ده‌توانن بڕیارێكی وه‌ها قبووڵ بكه‌ن؟ نه‌خێر، قبووڵ ناكه‌ن. چونكه ئه‌مه له‌گه‌ڵ ڕاستینه‌ی ئه‌واندا نایه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ڕاستینه‌ی ڕۆشنبیر، نووسه‌ر، هونه‌رمه‌ند، ئه‌كادیمیست و خه‌باتكارانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و ناوچه‌یه ناوه‌شێته‌وه. ئه‌م بڕیاره له دژی وه‌ڵاتپارێزیی كورده له‌و ناوچه‌یه. با سه‌رنج بده‌ین؛ ناوچه‌ی سۆران هه‌رگیز سه‌ری شۆڕ نه‌كردووه له به‌رانبه‌ر سته‌مكاران، هه‌میشه خۆڕاگر بووه و بووه‌ته ده‌نگی ئازادی.»
وه‌ڵاتپارێزانی نێو په‌ده‌كه‌ش ئه‌مه قبووڵ ناكه‌ن
بایك ڕایگه‌یاند، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) له‌گه‌ڵ توركیا له چه‌ندین په‌یوه‌ندیدایه، به‌ڵام زۆر وه‌ڵاتپارێزی نێو په‌ده‌كه ئه‌م بڕیاره قبووڵ ناكه‌ن. گوتیشی، ئه‌م بڕیاره هه‌رچه‌نده به ده‌ستی یه‌نه‌كه دراوه، به‌ڵام بڕیاری حكوومه‌تی باشووره. بڕیارێكی ئه‌و هێزانه‌یه كه له ده‌سه‌ڵاتدان، به‌ڵام به ده‌ستی یه‌نه‌كه جێبه‌جێ كراوه.
توركیا ده‌یه‌وێت كوردان له دژی یه‌كتر بوه‌ستێنێته‌وه
هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه جه‌میل بایك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ده‌وڵه‌تی تورك له‌پشت ئه‌م بڕیاره‌یه. وه‌بیری خسته‌وه كه كۆنسوڵی توركیا به لێدوانی «ئه‌مه به‌س نییه، پێویسته بڕیاری زیاتر بدرێن» خۆشحاڵی خۆی پیشان داوه و ستایشی بڕیاره‌كه‌ی كردووه.
بایك گوتی: «لێدوانه‌كانی له‌م شێوه‌یه‌ی نوێنه‌رێكی ده‌وڵه‌تی تورك دیاره كه خزمه‌تی كوردان ناكه‌ن. ده‌زانێت كه ئه‌و بڕیارانه‌ی دراون و ئه‌و ڕێكارانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر زیان به كوردان ده‌گه‌یه‌نن، بۆیه لێدوانی وه‌ها ده‌دات. ده‌وڵه‌تی توركی قڕكه‌ر كه دوژمنی هه‌موو كوردانه، ده‌یه‌وێت كوردان به‌گژیه‌كدا بكات. هه‌وڵ ده‌دات ڕێ له یه‌كێتیی كوردان بگرێت و وه‌ها بكات كه كورد له دژی یه‌كتر شه‌ڕ بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌شه ستایشی بڕیاره‌كه ده‌كات، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه گه‌وره‌تریش بكات.»
پێویسته كورد نه‌كه‌ونه ئه‌و ته‌ڵه‌یه
جه‌میل بایك ڕایگه‌یاند، هیچ هێزێكی مێتینگه‌ر نایه‌وێت كوردان ببنه یه‌ك، نایانه‌وێت له‌نێو كورداندا په‌یوه‌ندییه‌كی دیموكراتی بێته ئاراوه، هه‌میشه ده‌یانه‌وێت كوردان دابه‌ش بكه‌ن، یه‌كێتییان خراپ بكه‌ن، له دژی یه‌كتریان بوهستێننهوه. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه كوردان ته‌نگه‌تاو بكات و به‌رده‌وامی به ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی مێتینگه‌ر و قڕكه‌ری خۆی بدات.
«بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی گرینگ. هه‌م بۆ خۆی، هه‌م بۆ گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌توانێت ئاینده‌یه‌كی گرینگ بونیاد بنێت. ده‌توانێت ئه‌و كفنه فڕێبدات كه له مێژوودا بۆی دروست كراوه. ده‌رفه‌تێكی وه‌ها ئێستا هه‌یه. له كاتێكی وه‌هادا زۆرترین پێویستیی كوردان به یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی، په‌یوه‌ندیی دیموكراتی، فره‌وانكردنی دیموكراتیی كوردان و به‌هێزكردنی هیوا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی مێتینگه‌ری له‌پشتیانه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگری له‌مه بكه‌ن. پێویسته كورد ئه‌مه ببینن و نه‌كه‌ونه ئه‌و ته‌ڵه‌یه. پێویسته له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه بچووكه‌كان ڕه‌فتار نه‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه دابنێن. ئه‌وه‌ی كه هه‌موو پارتییه‌كان سه‌رده‌خات، ئه‌مه‌یه. ئه‌وه‌ی له دژی ئه‌مه بوه‌ستێته‌وه، هه‌م زیان به خۆی ده‌گه‌یه‌نێت هه‌م زیان به كوردان ده‌گه‌یه‌نێت.»
پێویسته یه‌نه‌كه به بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌میل بایك پێشنیازی بۆ یه‌نه‌كه كرد كه بڕیاره‌كه‌ی خۆی ڕاست بكاته‌وه و گوتی: «گرینگه كادیره وه‌ڵاتپارێز، دیموكرات و سیۆسیالیستهكانی نێو یه‌نه‌كه، ده‌نگده‌ر و گه‌لی ناوچه‌ی سۆران پیشانی بده‌ن كه ئه‌م بڕیاره قبووڵ ناكه‌ن و خاوه‌نداره‌تی له ته‌ڤگه‌ر بكه‌ن. ته‌ڤگه‌ری ئازادی هه‌ر كێماسییهكیشی هه‌بێت، پارتییه‌كی كورده. مێتینگه‌ر پارتییه كوردییه‌كان داده‌خات و ڕێگرییان لێ ده‌كات. نابێت یه‌نه‌كه‌ش كارێكی وه‌ها بكات. یه‌نه‌كه چه‌نده په‌یوه‌ندیی دیموكراتی له‌نێو كورداندا دروست بكات، ئه‌وه‌نده گه‌وره ده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ش خزمه‌ت ده‌كات. بۆ خۆیشی ئه‌نجامی گرینگ به‌ده‌ست دێنێت و به گوێره‌ی ئه‌ركی مێژوویی ڕه‌فتار ده‌كات. ئه‌وه‌ی لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ئه‌مه‌یه. گرینگه كه ئه‌م بڕیاره ڕاست بكاته‌وه. ته‌واوی گه‌له‌كه‌مان داوای ئه‌مه له یه‌نه‌كه ده‌كات. پێویسته گه‌ل خاوه‌نداره‌تی له ته‌ڤگه‌ری ئازادی بكات و له باشوور، پارچه‌كانی دیكه و هه‌نده‌ران پیشانی بده‌ن كه ئه‌م بڕیاره‌ی یه‌نه‌كه به كه‌ڵكی باشوور و ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی كورد نایه‌ت و پێویسته ڕاستی بكاته‌وه.»
s.m