١٨ـەمین فێستیڤاڵی زیلان لە١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت

١٨ـەمین فێستیڤاڵی زیلان ئەمساڵ، ڕۆژی ١٥ی حوزەیران لە شاری دویسبورگی ئاڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

ژنانی کورد ئەمساڵ بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردی ئاڵمانیا (یەژەکە-ئە) لە ئاڵمانیا، بلژیکا و هۆڵەنداوە بەشداری ١٨ـەمین فێستیڤاڵی ژنانی زیلان دەکەن.

فێستیڤاڵی ئەمساڵ لە ١٥ی حوزەیران لە شاری دویسبورگی ئاڵمانیا بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" بەڕێوەدەچێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا بەرنامەی دەوڵەمەندی کولتووری و هونەری پێشەکەش دەکرێت، هونەرمەندان، خەجێ، سیماو حسێن، سۆنا ئالان، فرمیسک، گروپی منداڵان م. گروپی فۆلکلۆری ئەفغانستان، گروپی سەما، گروپی منداڵانی ڕوژ، ژنانی دەنگبێژ هونەرەکانیان پێشکەش دەکەن و پەیامی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.

هاوکات لەگەڵ بەرنامەی کولتووری، کاری دەستی ژنانیش لە کۆشکەکاندا دەناسێنرێت.

لەم فێستیڤاڵەدا پانێڵێک لەسەر خۆپاراستن، خۆڕێکخستن و کاریگەرییەکانی دیجیتاڵ میدیا لەسەر گەنجان، ژنان و ئاشتی بەڕێوەدەچێت.

هەروەها شەقامێک بۆ کولتووری کوردی ئامادە دەکرێت و سەرجەم وێنەکێشە کوردییەکان نمایش دەکرێن.

هەروەها ژنە فۆتۆگرافەرەکان لە ڕێگەی پێشانگایەکەوە بەرهەمەکانیان لە بواری تێکۆشانی ژنان نمایش دەکەن.

هەروەها کۆمیتەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئایتەن کاپڵان وتەبێژی تەژەکە ئە، و کەزبان دۆغان وتەبێژی یەژەکە-ئاڵمانیا، وتارێکیان پێشکەش کرد.

ئایتەن کاپڵان، جەختی لە گرنگی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ کردەوە و وتی: "وەک هەموو ساڵێک، ئەمساڵ دەمانەوێت هێزی ڕێکخراوەیی و هەڵمەتی بانگەشەی خۆمان لەگەڵ فەلسەفەی ژن ژیان، ئازادی تێکەڵ بە فیستیڤاڵەکە بکەین. ئەمساڵ چ لە ڕووی کولتووری و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نوێ بوونەوە دروست دەکەین. دەمانەوێت بە دیدگای جیاوازەوە هەموو ژنان بتوانن کار و هونەری خۆیان بخەنەڕوو و پەیامی سیاسی خۆیان بدەن، هەروەها دەرفەتێک بۆ منداڵان دابین کراوە و منداڵان ساتەکانی خۆش لەگەڵ گروپی منداڵانی (M A) بەسەر بەرن.

هەروەها کەزبان دۆغان، وتەبێژی یەژەکە-ئاڵمانیا، ئاماژەی بەوەکرد کە، "ئامادەکارییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات و فێستیڤاڵی شەهید زیلان هەم لە ڕووی ناو و هەم لە ڕووی دروشمەوە زۆر گرنگە. وتی دەمانەوێت بەم فێستیڤاڵە ببینە وڵام بۆ سەردەمی ئێستا. هەروەک چۆن ژنان لە١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕۆڵی خۆیان لە هەڵمەتی ئازادیدا بینی، لەم قۆناغەشدا ژنان دەبێت هەڵوێستیکی گونجاویان بەرامبەر هەرجۆرە هێرشێک هەبێت.

لە کۆتایی وتارەکاندا داوا لە سەرجەم ژنان کرا لە ١٥ی حوزەیران بە ڕەنگ و شێوازی خۆیانەوە کەش و هەوای فێستیڤاڵەکە بڕازێننەوە.