٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبێل داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن

لە نامەیەکی هاوبەشدا ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبێل داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن کە لە ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیریی ڕەهادایە.

بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی Der Standard a Avûstûryay، براوەکانی خەڵاتی نۆبێل داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

بەپێی هەواڵەکە، ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبێل نامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە و داوایان کردووە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.

هەروەها لە هەواڵەدا کە لەلایەن میشل ڤۆڵکەرەوە نووسراوە، هاتووە: "٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبێل لە نامەیەکی هاوبەشدا کە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناردوویانە، داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردیان کردووە. ئەلفرێد جالینک براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی نەمسا لە واژۆکارانی نامەکەیە. نامەکە لەسەر ناوی چالاکوانی مافی مرۆڤ، جۆدی ویلیامزەوە نووسراوە کە لە ساڵی ١٩٩٧ خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی وەرگرتووە.

لەم هەواڵەدا زانیاری لەسەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێبەری گەلی کورد یەکێکە لە کەسایەتییە بنەڕەتییەکانی چارەسەری پرسی کورد و تا ئەمڕۆش لە ناو تێکۆشانی گەلی کورددا بۆ شوناس و ئازادی وەک کەسایەتیەکی سەرەکی دەبینرێت. لە ناو زیندانەوە چەندین جار داوای چارەسەری ئاشتیانەی لە تورکیا کردووە و بەوبۆنەوە گەریلاکانی کوردستان ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەردۆغان لە مانگی تەمموزی ٢٠١٥ بە فەرمی کۆتایی بە قۆناغی ئاشتی و ئاگربەست هێنا و تورکیا دەستی کردەوە بەگوشارەکانی بۆ سەر پارت و ڕێکخستنە کوردییەکانی نزیک لە پەکەکە. لە عێراق و سوریا هێرش کردە سەر گەلی کورد."

هەروەها لە هەواڵەدا سەرەنج خراوەتە سەر شۆڕشگێڕانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دژی چەتەکانی داعش لە سووریا و عێراق و ئاماژەش بەوە کراوە کە هێشتا ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپایی و حکوومەتی تورکیا، پەکەکە بە "ڕێکخراوێکی تیرۆری" ناو دەبەن.

بە پێی هەواڵەکە، براوەکانی خەڵاتی نۆبێل لە نامەکەیاندا بۆ ئەردۆغان، بەهۆی بارودۆخی نامرۆڤانەی زیندان و ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە نیگەرانییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە. هەروەها داوایان لە ئەردۆغان کردووە بگەڕێتەوە سەر ڕێگای ئاشتیانە، لەبەر ئەوەی بە ئاشتی هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێت و پێویستە تورکیا بە بەشداری ئۆجالان سەردەمێکی نوێ دەست پێ بکات و ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێت گۆشەگیریی ئیمرالی کۆتایی پێ بهێنرێت.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە: "تورکیا کە لە ساڵی ١٩٤٩ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپایە، لە بواری گۆشەگیرییەوە سەرجەم پێوەر و یاساییە نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە."