بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتیەکی کۆچبەراندا ٤٠ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

ئاگر لە کەشتیەکی کۆچبەران کەوتەوە کە لە هایتییەوە بەرەو دورگەی تورکس و کایکۆس دەڕۆشت، لە ئەنجامدا بە هۆی ئاگرەکەوە بەلایەنی کەمەوە ٤٠ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕیکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەری (IOM) ڕایگەیاند لە کەشتیەکەدا زیاتر لە ٨٠ پەنابەر هەبوون و ٤٠ لەو پەنابەرانە لە ئەنجامی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە. هەرەوەها لەو پەنابەرانەی ڕزگارکراوون ١١ کەسیان بە هۆی زۆری بریندارییانەوە ڕەوانە نەخۆشخانە کراون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند ڕووداوەکە لە ڕۆژی چوارشەممە لە ١٧ی تەمموز ڕوویداوە. هێزەکانی پاراستنی دەریایی هایتی توانیویانە ٤١ پەنابەرەکەی دیکەی ناو کەشتییەکە ڕزگاربکەن.