عەبدولواحید خەندەڕەش چالاکی سیاسی دانیشتووی ئوستراڵیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بە سەر دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: بەداخەوە لەوکاتە دوور و دڕێژەدا، ستەمکاری سەر ڕێبەر ئاپۆ دوو ئەوەندە زیادی کردوە. ناحەقییەکی زۆری لێکراوە و جیا لەوەش ڕێبەر ئاپۆ وەک دیلێک لە زینداندا بە بارمتە گیراوە.
خەندەڕەش لەپەیوەندی لەگەڵ دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمڕاڵی باسی لەوەکرد: هەروەک هەمووان دەزانین، لە بەرەبەری ٢٥ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆداین. نزیکەی چارەگە سەدەیەک بەر لەئێستا ڕێبەر گەلی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان لە پیلانگێڕییەکی نێوونەتەوەیی داڕێژراو لە لایەن گلادیۆی گرێدراو بە ناتۆ دا دەستبەسەر و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە. لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا زیندانییە.
ئەو لەسەر دۆخی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد و ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو وتی: بەڕێز ئۆجاەلان وەکوو ڕێبەری حیزبێک دەستبەسەر کرا، بەڵام گەورەیی ڕێبەر ئاپۆ لەوەدا دەرکەوت کە توانی لە گۆشەگیریدا، زیندانی تاکەکەسی بکات بە زانکۆ. بەڕێزیان لەدوای ئەوە تەنیا ڕێبەر و سەرۆکی حیزبێک نییە و بەڵکوو بیرمەند و فەیلەسوفێکە. بەڕێزیان توانیان لە ماوەی دەستبەسەربوونی دەمدرێژیاندا، ئایدۆلۆژیا و ڕێبازێکی تایبەت بۆ ڕزگاری کوردستان و مرۆڤایەتی لە زۆرداری و جیاکاری دابمەزرێنێ و هاوکاتیش ڕێبەرایەتی بکات.
خەندەڕەش بە دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی سەبارەت بەو پیلانگێڕییەی دوژمنانی گەلی کورد وتی: "بەداخەوە لەوکاتە دوور و دڕێژەدا، ستەمکاری سەر ڕێبەر ئاپۆ دوو ئەوەندە زیادی کردوە. ناحەقییەکی زۆری لێکراوە و جیا لەوەش ڕێبەر ئاپۆ وەک دیلێک لە زینداندا بە بارمتە گیراوە. هاوکات لە زینداندا گۆشەگیرییەکی چڕی لەسەر جێبەجێ دەکرێ و هەروەک هەمووان ئاگادارن نزیکەی سێ ساڵە ئیزنی پێنادرێ لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی چاوپێکەوتن بکات. ئەو ستەم و بێدادییە تەنیا لەلایەن ترکیەوە وەکوو بەکرێگیراوێکی گلادیۆ پێکنایەت و بەڵکوو ئەوە ناتۆیە ئەو زوڵم و زۆرییە دەرحەق ڕێبەرئاپۆ دەکات. لە ڕاستیدا ئەوە دنیای سەرمایەدارییە کە ئەو زوڵم و زۆرییە لەسەر گەلی ئێمە و هەموو گەلان پەیڕەو دەکات. لە حەقیقەتدا ڕێبەر ئاپۆ وەک تاکەکەس لە بیر و هزری خۆیدا گەیشتۆتە ئازادی و پێویستی بە ئازادبوون نییە و ئەوە ئێمە و گەلەکەمانین کە پێویستە بۆ ئازادی بەڕێزیان تێکۆشان بکەین. هەوڵ بدەین ڕێبازی ئازادی بەڕێزیان بدۆزینەوە. ئەویش ئازادی جەستەیی چوونکە بەڕێزیان لە هزر و بیر و زهنییەت دا ئازادن. ئیشی بەڕێزیان لە زینداندا و دەرەوەی زیندان بیرکردنەوە و نووسینە".
خەندەڕەش لەکۆتاییدا جەختی کردەوە: "لەو بیرهێنانەوە تاڵەدا جارێکی دیکە داوا لە هەموو جیهان دەکەین کە زەخت بخەنە سەر ڕێکخراوی بەگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا تاوەکوو بە هەر شێوەیەک بێت چاویان بە بەڕێز ئۆجالان بکەوێت. تاوەکوو جاران بنەماڵە و پارێزەران و نزیکانی بەڕێزیان بتوانن چاویان پێیبکەوێت. پێویستە دنیا لەدۆخی تەندروستی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئاگادار بکرێتەوە. بە هیوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان وسەرجەم زیندانیانی سیاسی و گەلەکەمان لە هەموو جیهاندا".
جێی ئاماژەیە، کومیتەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە هەر چواربەشی کوردستان، ناوچەکە و بەتایبەت لە ئەوروپا بە دروشمی ئازادی بۆ ڕێبئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە ڕێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبەر (تشرینی یەکەم) بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستپێدەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە پشتیوانییە جیهانییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لەجاران پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ.