بەگوێرەی ئیسرائیل ٦٠٪ ی چەکدارانی حەماس کوژراون یان برینداربوون

وەزیری بەرگری ئیسرائیل یواڤ گالانت ڕایگەیاند لە شەڕی غەززەدا ٦٠٪ ی چەکدارانی حەماس کوژراون یان برینداربوون، ئەمەشی بە سەرکەوتنێک ناوبرد.

شەڕی غەززە

شەڕی غەززە کە ٧ ی تشرینی یەکەم دەستی پێ کرد، ٧ ی تەمموز پێی نایە مانگی دەهەمینەوە.

یواڤ گالانت لە پەرلەمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند سەرکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە.

لەئێستەدا سوپای لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی غەززە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و لەم ڕۆژانەی دواایی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیاتر کردووە.

گالانت ڕایگەیاند "ئێمە ٦٠٪ ی تیرۆریستانی حەماسمان بێکاریگەر یان بریندار کردووە".

هەروەها ڕایگەیاند سوپاکەیان زۆرینەی کەتیبەکانی حەماسیان هەڵوەشاندۆتەوە و ٩ مانگە شەڕی سەرکەوتوویان کردووە.  

لای خۆیەوە، وەزارەتی حەماس ڕایگەیاند لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە ٣٨ هەزار و ٢٩٥ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون. لە ٢٤ کاتژمێری دواییدا لانی کەم ٥٢ کەس مردوون، هەروەها لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە لە غەززە ٨٨ هەزار و ٢٤١ کەس برینداربوون. حەماس لە ڕاگەیاندراوەکانیدا چەکدار و خەڵکی سڤیل جیاناکاتەوە. بۆیە زیانەکانی حەماس نازانرێت. بەڵام خەڵکی سڤیل لە کارەساتێکی مەزندا دەژین.