بەهۆی لافاوەوە لە کوبا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش گواسترانەوە

لەناوچەکانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی کوبا بەهۆی لافاوەوە لانیکەم ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و بەهەزاران کەسیش گواسترانەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان.

بارانی زۆر و بەخوڕ کە رۆژی پێنجشەممە دەستیپێکرد رۆژی دووشەممەش کەمبووە، بەڵام لە شارەکانی رۆژهەڵاتی دوورگەکە (هۆلیگوین، جاماگوی، گرانما، سانتیاگۆ دی کوبا و لاس توناس) و لە شاری سانستی سپیریتوسی ناوەڕاستی وڵاتەکە، ئۆپراسیۆنی بەهاناوەچوون و فریاگوزاری بەردەوامە.

بەرگریی شارستانی رایگەیاند بەهۆی کارەساتەکەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش گواستراونەتەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان.

لە شاری گرانمای ٧ هەزار و ٥٠٠ کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و گواستراونەتەوە، لە لاس توناسیش زەویەکان بە رووبەری ٧٠٠ هێکتار زیانیان بەرکەوتووە.

سەرۆکی حکومەتی کوبا میگوێل دیاز-کانێل وتی، "برینەکان ساڕێژ دەبنەوە، کەس لەبیر ناکرێت".

باران زیانی بە پرد و رێگەوبان و تۆڕەکانی ئاو گەیاندووە. گەشتەکانی شەمەندەفەر لە هاواناوە بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵات هەڵوەشێندراونەتەوە.

هـ . ب