بەهۆی لافاوەوە لە پەکین ١١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٧ کەسیش بێسەروشوێنن

لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ لافاو پەکینی پایتەختی چین و ناوچەکانی دەوروبەری گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسیش بێ سەروشوێنن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە پەکین و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر کاریگەری بارانی بەخوڕدان. ئەو زریان و گەردەلوولەی فلیپینی گرتەوە، ڕۆژی هەینی کاریگەری خۆی لە پارێزگای فیجی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بەردەوام بوو و توندییەکەی کەمی کرد.

رۆژی شەممە بارانێکی بەخوڕ لە ناوچەکە دەستیپێکرد. بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمی دەوڵەتی چین، لە ماوەی ٤٠ کاتژمێردا لە پایتەخت باران باریوە، واتا هێندەی تەواوی مانگی تەمموز باران باریوە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی سی تی ڤی کەناڵی فەرمی دەوڵەتی چین "بارانی بەخوڕ بووە هۆی لافاوێکی بەهێز و لانیکەم ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسیش بێسەروشوێن بوون".

لە پەکین و پارێزگای هێبی کە کەوتووەتە باکووری پایتەختەوە، بەهۆی باران بارین و مەترسیی لافاو و رۆچوونی زەوی دانیشتوانی ناوچەکە ئاگادار کراونەتەوە.

بەگوێرەی شارەزایانی چینی، ئەم بارانەی ئێستا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی گەورەتر لەو لافاوەی ساڵی ٢٠١٢ پەکینی گرتەوە و بەهۆیەوە ٧٩ کەس گیانیان لەدەستدابوو و دەیان هەزار کەسیش ناچار ببوون شارەکە چۆڵ بکەن.

هـ . ب