لە رۆژی ٢٢ی تەموزی ساڵی پار رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا واژۆ کرا رێککەوتنەکە لە ١ی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە نزیکەی ٣٣ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینا هەناردەی وڵاتانی جیهان کراوە.
تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە سێ جار درێژکراوەتەوە؛ دوایین جار لە مانگی ئایار بوو کە بۆ ٦٠ رۆژ درێژکرایەوە، بەڵام رێککەوتنەکە شەوی ١٧ی ئەم مانگە بە فەرمی کۆتاییهات.
لەئیستاشدا ماوەی هەفتەیەکە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە کۆتایی هاتووە و بەرپرسانی رووسیاش بۆ نوێکردنەوە یان درێژکردنەوەی رێککەوتنی ناردنی گەنم مەرجیان هەیە و دەڵێن، بەبێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەیان ڕێکەوتنی هەناردەی گەنم درێژناکرێتەوە.
سەبارەت بە مەرجەکانی ڕوسیا، سێرگەی ڤەرشنین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ووتی: "ئەو فۆرموڵەی سەرۆکی رووسیا باسی لێکرد، جێبەجێکردنی داواکاریی ئێمەیە، من ئەوە دووپات دەکەمەوە کە داواکاریی ئێمە یاساییە و جێبەجێکردنی زۆر ئاسانە، وەک دەزانن ئێمە پێنج مەرجمان هەیە، دوای ئەوە، ئەگەریی هەیە هاوکاری بکەین، بەڵام تەنیا لەدوای جێبەجێکردنی مەرجەکانمان، هاوکاریمان مسۆگەر دەبێت".
جێگای باسە، مەرجەکانی روسیا بۆ دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم بریتییە لە:-
یەکەم/ بەستنەوەی بانکی کشتوکاڵیی روسیا بە سیستمی سویفت.
دووەم/ رێگەدان بە روسیا بۆ هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵی.
سێ-یەم/ هەڵگرتنی قەدەخە لەسەر کەشتییەکانی روسیا.
چوارەم/ بەردەوامیدان بە بۆریی گواستنەوەی ئەمۆنیا لە تۆگلیاتی بۆ ئۆدێسا.
پێنجەم/ هەڵگرتنی سزا لەسەر سامان و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیا روسیانەی خۆراک و پەین هەناردەی دەرەوە دەکەن.
هـ . ب