بەلەمێکی کۆچبەران نوقمبوو: ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەس بێسەروشوێنن

لە کەناراوەکانی مالتای بەلەمێکی کۆجبەران نوقم بوو و بەهۆیەوە لانیکەم ٩ کەس ژیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسیش بێسەروشوێنبوون.

تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتالیا رایانگەیاند، کە بەلەمێکی کۆجبەران نوقم بووە و توانراوە ٢٣ کەسیان رزگار بکرێن.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی ئیتالیا رووداوەکە لە کەناراوەکانی ماڵتای روویداوە و لە کۆی ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون باری تەندروستی شەش کەسیان ناجێگیرە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە رووداوەکەدا ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵێکە تەمەنی نزیکەی چوار ساڵە.

بەدرێژایی شەوی رابردوو گەڕان بە دوای کۆچبەرانی دیکەدا بەردەوام بوو، بەڵام تائێستا ١٥ کۆچبەر بێسەروشوێنن، کە سێ لەوانە منداڵن.

بەلەمەکە بە ٤٧ سەرنشینەوە کە خەڵکی وڵاتانی جیاجیای ئەفریقابوون، لە کەناراوەکانی تونسەوە بەرەو ئەوروپا کەوتبوە رێ.

هـ . ب