بەشداربووانی چالاکی ٣ی ئاب لە کۆپنهاگن: دەبێت جینۆساید بەفەرمی بناسرێت

لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ٣ی ئابی ٢٠١٤، کە لە لایەن چەتەکانی داعش لە شەنگال ئەنجامدرا، چالاکییەک بەرێوەچوو.

کوردستانیانی دانیشتووی شاری کۆپنهاگن، لە ٩یەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، لە "هالمتۆرڤ" لە ناوەندی شارەکە، خێمەیەکی وشیارکردنەوەیان دانا.

لە چالاکییەکەدا بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی کورد و کۆمیتەی پشتیوانی کوردستان، لە ٩یەمین ساڵڕۆژیدا، جینۆسایدی پێکهاتەی ئێزدی شەرمەزار کرا و لەسەر هێرشە جینۆسایدییەکان بروشەر بڵاوکرایەوە.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتووە، "دەبێت ٣ی ئاب بۆ هەموومان ببێتە ڕۆژی ماتەمینی".

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها یادی "هەزاران ژن و کچ کە بە دیل گیران و وەک کۆیلە فرۆشران"، کرایەوە و جەختیشلەوەکرایەوە، "ئەو جینۆسایدە لە دژی هەموو مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە".

لە چالاکییەکەدا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی نیشاندرا و داوا کرا کە دادگای نێونەتەوەیی بۆ لێپرسینەوە لەو هێزانە دابمەزرێن، کە بەشدارییان لە کۆمەڵکوژیی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا کردووە.

هاوکات چالاکوانان داوایان کرد، ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٤ بە جینۆساید بناسرێن و ڕایانگەیاند، "ئێمە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیمان بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو و بندەست بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەوێت".

خێمەی وشیارکردنەوەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتژمێر ١٦:٠٠ تا ٢٠:٠٠ کراوە بوو.

ژ.ن