دکتۆر بیپ ساڤاری سیاسەتمەداری سویسری و ئەندامی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان'، ڕایگەیاند کە لەو باوەڕەدایە کورد سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و وتی: "تەنها بە مەرجی ئەوەیە لە چوارچێوەی بیرۆکەکانی ئۆجالان بەردەوام بن لە تێکۆشان."
دکتۆر بیپ ساڤاری پەرلەمانتاری کانتۆنی تیچینۆی سویسرا، لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) دایەوە.
دکتۆر ساڤاری لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی بۆ ڕووداوەکانی سووریا ڕاکێشا و وتی: "بەشار ئەسەد هەرگیز دۆستی کورد نەبوو، ڕژێمی ئێستاش بەڵێنی شتی باش نادات، هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا یەکێک بوو لە یەکەم کارەکانی، هەروەها هەرەشەکان له سەر کوردان زیادی کردووه، دەستەی تەحریر شام(هەتەشە) بۆ دیموکراسی جێگای هیوا نییە. ئەو مۆدێلەی ڕۆژئاوا پێشکەشی کردووە، بەڕاستی بیرۆکەیەکە کە دەتوانرێت بۆ سەرجەم هەرێمەکە لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام بەرەی ئیسلامی کە ئەردۆغان پشتیوانی لێدەکات مەترسیدارە. لەکاتێکدا ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چووەتە ناوچەکە، ئەمە مەترسی لەسەر کوردانی هەرێمەکە زیاتر دەکات. دەبینیت هێرش دەکەنە سەر شوێنی نیشتەجێی ژیانی کوردان. هێرش دەکەنە سەر کۆگاکانی گەنم، کارگە و سەرچاوەکانی ئاو. ئەمانە تاوانی جەنگن. هەروەها ئەخلاقی شەڕ لەناودەبەن. شەڕیش ئەخلاقی هەیە، وایە؟ ژن و منداڵ ئەشکەنجە دەدرێن. هەروەها کەسانێک لە ئایینە جیاوازەکانەوە دەکوژرێن. وەک ئەوە وایە ئەو خوداوەندەی کە باوەڕیان پێی هەیە ڕێگای بە کوشتنی هەموو مرۆڤەکان داوە جیا لە خۆیان. بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕۆژئاوا، کورد بەرگری لە شکۆی مرۆڤایەتی دەکات. ئەمە ڕاستیەکە دروشم نییە. ئێمە ئەو ڕاستییانە باس دەکەین کە لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت.
لە میانەی قسەکانیدا دکتۆر ساڤاری دۆخی ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیرکردنی هەڵسەنگاند و وتی: "گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان هاوشێوەی گۆشەگیریی ماندێلایە لە دوورگەی ڕۆبن، بەڵام دۆخی ئەو قورسترە. بیرۆکەکانی گۆشەگیرناکرێن. بانگەوازی ئۆجالان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیە، کە ئەمەش و ڕێبازی ماندێلا هاوشێوەی یەکن، بەڵام هەردوو دۆخی داگیرکاری و قووڵایی بیرۆکەکە جیاوازن ماندێلا بەرگری لە دیموکراسی دەکرد، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی یەکسانی هەموو ڕەگەزەکان و دژی ڕەگەزپەرستی بوو. لە ئەفریقا کۆمەڵکوژی شارپڤیل ڕوویدا. شێوازی جۆراوجۆری داگیرکاری و چەوسانەوە لە ئارادا بوو. لە کوردستان دۆخەکە زۆر جیاوازە. جینۆسایدی جەستەیی دەرئەنجامی هەر ڕاپەڕینێک بوو، بەڵام جینۆسایدی کولتووری کەمێک دەرئەنجامی دڕندانەتری بوو. پێموایە دوا پارێزنامەی ئۆجالان "بەرگریکردن لە کورد بوو لە چنگی جینۆسایدی کولتووری". ئۆجالان نەک هەر بە بیر و تێکۆشانی خۆی بەرگری لە مرۆڤەکان دەکات، بەڵکو زیندوویان دەکاتەوە. هۆشیاری لەدەست چووی خاکیان بۆ دەگەڕێنێتەوە. پێناسەیەک بۆ شوناس دەدات و پەیوەندییەکەی لەگەڵ سیاسەتدا پێکەوە گرێ دەداتەوە. سەرەتا بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەت مڵکی حکومەت نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگا ناسنامەیەکی سیاسی هەیە و پەیوەندی ئازادیی لەگەڵ خەباتێکی چەکداریدا کە بەرەو سیاسەت دەروات دامەزراندووە. ئەو تەنیا خەباتی چەکداری بنیات نانێت، بەڵکو ئەو ئیرادەیە ئاشکرا دەکات کە بەهۆیەوە ئیمکان بۆ دیموکراسی دەڕەخسێنێ. بژاردە پێشکەش دەکات، بەڵام مەیلی ئەو گفتوگۆیە. ئەمەش نیشانەی پێداگرییە لەسەر دیموکراسی بوون.
لە ڕۆژئاوا دۆخەکە وەهایە؛ ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک داوای ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان دەکات. لەم دواییانەدا لە کۆبانێ کۆبوونەوەی زۆر بۆ منبج ئەنجامدرا. بەڵام بەو پێیەی دەوڵەتی تورک بە پێی ڕێککەوتنەکە مامەڵەی نەکرد، هێزەکانی قەسەدە دەستیان بە پرۆسەیەکی نوێ کرد بۆ وەرگرتنەوەی شوێنە داگیرکراوەکان. دەبینین کوردی ئێستا کوردانی پێشوو نین. ئەوان لە بواری سەربازیدا بەهێزن، بەڵام دەیانەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجام بەدەستبهێنن. ئەم داواکاریانە نیشانەی ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی-سیاسی ئۆجالانە. بۆیە سیستەمی گۆشەگیری زیان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت و هیچ کەسێک سەرناکەوێت.
د. ساڤاری ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سیستمی دیموکراسی ڕاستەقینە کە لە ڕۆژئاوا، ژن و پیاو یەکسانن، بپارێزرێت و وتی: "هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر خەڵکی هەرێمەکە بەردەوامە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە بوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک تەنها بۆ پاراستنی کوردان نییە لە ناوچەکە، بەڵام لەهەمان کاتدا پاراستنی مەسیحی، عەلەوی، ئێزیدی، کورد، سوریان و هەموو دانیشتوانی هەرێمەکەیە. بەڵام بنەمای ئایدیۆلۆژیکی قەسەدە بەتەواوی سیستەمێکی ئۆتۆنۆمی دیموکراتیکە، ئەوە تورکیایە کە قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە، ڕەنگە هەتەشە بڵێت: "لە ڕووی سەربازییەوە ئێمە لەگەڵ نوسرە و داعش دژی کورد شەڕمان کرد و نەمانتوانی سەربکەوین، ئێستا چی بکەین؟" تورکیا بە چەتەکانی شەڕ دەکات، هەڕەشە لە خەڵک و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەکات.
ئەوانەی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیە بێدەنگن، هەمان ئەو لایەنانەن کە ١٠١ساڵ لەمەوبەر لە لۆزان خاکی کوردیان دابەش و پارچە پارچە کرد. یاسای موڵکیەتی فیکری جێبەجێ کرا و سنوورەکان لە لۆزان دیاری کرا؛ ڕێککەوتنێکی١٠٠ ساڵە لەگەڵ ٤ وڵاتی داگیرکەر دامەزرا. کورد بەهۆی ئەم پەیماننامەوە ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری و جەستەیی بوونەوە. لە فاشیزمی تورکی سپییەوە تا پشتوێنی عەرەبی، لەوێشەوە بۆ هەڵەبجە و لەسێدارەدانەکان لە ئێران. هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا تەنها بەشێکی بچووکی مێژوون.
کورد ڕووی ڕاستی داگیرکاری لە یادەوەریەکانیدا هەڵگرتووە. ئەوان لانیکەم بەقەد جولەکەکان لەسەر مێژووی خۆیان هۆشیاریان هەیە و گەلێکن بەو هۆشیارییەوە داوای ئازادیی دەکەن.
هەروەها ڕۆژئاوا لە پێگەیەکی ستراتیژیدایە، هەروەک کۆسۆڤۆ کە لە پێگەیەکی ستراتیژیدایە لەگەڵ ئەوروپا و باڵکان. ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گرنگی ترانزێتە و بەم مانایە بنکەیەکی گرنگی ئەمریکی لەوێ بوونی هەیە. ئەوان بەردەوامن لە گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ کورد بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا بتوانن بمێننەوە. ئەمەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە هەیە. بێگومان بەو پێیەی کورد لە سیاسەتدا نەرم و لە پرەنسیپدا جددی، دەتوانێت لەگەڵ جوولەکەکان دابنیشێت، بەڵام پێموانییە هاوبەشی سیاسەتی فراوانخوازییەکانی ئەوان بن.
د. ساڤاری لە دوایی قسەکانیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ وتی: "وەرگرتنی زانیاری لە سەر تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، جێگای خۆشحاڵییە. پێویستە بتوانێت بە ئاسانی و لە تەندروستییەکی باشتردا ڕەوڵ بگێڕێت. خۆی وتی: 'ئەگەر دەرفەت و هەلومەرج بڕەخسێندرێت، دەتوانێت ڕەوڵی کارا لەبواری سیاسیەوە بنوێنێ. ئازادی و دیموکراسی خوشک و برایەتی، دیموکراسی و ئاشتی بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئۆجالان ناوچەکە بە باشی دەناسێت هیوای پشوودرێژی و هێزی بۆ دەخوازم، ئەو پەیامی خۆی بە گەل گەیاند، هەروەها گەلی کوردیش سڵاویان لە بەرخۆدانی ئیمرالی کرد، گەلی کورد دڵسۆزە بە ئۆجالان، بەدڵنیاییەوە ئەگەر دیموکراسی و ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ کورد دەست پێبکات، موخاتەبی سەرەکی ئۆجالانە."
لە کۆتایی قسەکانیدا د. ساڤاری وتی: "لەڕوانگەی منەوە کورد سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت. تەنها بە مەرجێ بە بیرۆکەکانی ئۆجالانەوە بەردەوام بن لە تێکۆشان، من کەمێک کوردی دەزانم؛ بژی ئاپۆ، بژی کوردستان و ژن، ژیان، ئازادی."