دەوڵەتی ئەڵمانیا: پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەمانە

ئەڵمانیا بە "ئاسانکاری بۆ قڕکردنی فەلەستینیەکان" تۆمەتبار دەکرێت. نوێنەری ئەو وڵاتەش لە دادگای باڵای نێونەتەوەیی رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە چەقی سیاسەتی دەرەوەیاندایە و تۆمەتەکەی رەتکردەوە.

لە دیوانی دادی نێونەتەوەیی لە لاهای، بە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا تانیا ڤۆن ئوسلار- گلیچێن قسەی کرد و وتی، "ئاسایشی ئیسرائیل چەقی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیادایە".

ئوسلار- گلیچێن ئەوەشی خستەڕوو کە تاوانبارکرندی ئەوان لەلایەن نیکاراگواوە بە تەواوەتی رەتدەکەنەوە.

نیکاراگوا دۆسیەیەکی لە دژی ئەڵمانیا کردبووەوە و داوای کردبوو بۆ رێکاری بەپەلە بۆ رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل بگیرێتەبەر.

نیکاراگوا رۆژی دووشەممە لە دیوانی دادی نێونەتەوەیی بەهۆی هاوکارییەکانی بۆ ئیسرائیل رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرتبوو.

پارێزەرانی نیکاراگوا رایانگەیاند، ئەڵمانیا چەک بۆ ئیسرائیل دابین دەکات و بەم جۆرە پەیماننامەی نێونەتەوەیی رێگریی لە جینۆساید کە دوای هۆلۆکۆست لە ساڵی ١٩٤٨ واژۆکرابوو، پێشێلکردووە.

تانیا ڤان ئولار- گلیچێن لەبەردەم دادگا وەڵامی تۆمەتەکانی نیکاراگوای دایەوە و وتی، "ئەڵمانیا تۆمەتەکانی نیکاراگوا بە تەواوەتی رەتدەکاتەوە. لە راستیدا و نە لە یاساکاند ئەو تۆمەتبارکردنە هیچ بنەمایەکی نییە".

هـ . ب