دوو هاوسەری عێراقی کە دوو منداڵی ئێزدییان کردبووە کۆیلە لە ئەڵمانیا دەستگیرکران

داواکاری گشتی لە کارلسروهی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوو هاوسەری عێراقی بە گومانی دەستدرێژی رەگەزی بۆ سەر دوو کچی ئێزدی و بە کۆیلەکردنیان لە باشووری ئەڵمانیا دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوێکی داواکاری گشتیدا هاتووە، کە توانا ه.س و هاوسەرەکەی ئاسیا ر. ئا لە نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ و کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لە عێراق و سوریا ئەندامی داعش بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "توانا ه. س چەندین جار دەستدرێژی رەگەزی کردووەتە سەر منداڵان. ئاسیا ر.س ژوورەکەی ئامادەدەکرد و میکیاجی بۆ منداڵەکان کردبوو".

ئەوەش راگەیەندرا کە ئەو دوو هاوسەرە بەردەوام کارەکانی ماڵ و گەورەکردنی کۆرپەیان بەو دوو منداڵە ئەنجامداوە.

هەردوو منداڵە ئێزدیەکان ناچارکرابوو کە بە زۆرەملێ دەست لە ئایینی خۆیان هەڵبگرن و بچنە سەر ئایینی ئیسلام.

داواکایر گشتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە بانگەشەی ئەوەی منداڵەکان هەڵەیان کردووە، رووبەڕووی توندوتیژی قورسی جەستەیی بوونەوە"، هەروەها ئەوەش راگەیەندرا کە هەردوو منداڵەکە زۆر جار ناچار کراون کە نیو کاتژمێر لە سەر قاچێک بوەستن.

ئەوەش روونکراوەتەوە، کە ئەو کردەوانە لە چوارچێوەی خواستی داعش بە ئامانجی نەهێشتنی ئایینی ئێزدییەکان ئەنجامدراون.

داواکاری گشتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هەردوو هاسەرەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا بەر لەوەی کە سوریا جێبهێڵن ئەو دوو منداڵە کچە ئێزدیەیان رادەستی ئەندامانی دیکەی داعش کردووە.

ئەو دوو کەسە رۆژی سێ شەممە لە رێگێنسبورگ و رۆس (باشووری ئەڵمانیا) دەستبەسەرکران، لە ٩ و ١٠ی نیساندا بە بڕیاری دادگا بەندکران.

لە کۆتایی ئابی ٢٠٢٣دا ژنێکی ئەڵمانی کە ئەندامی داعش بوو، بە هۆی کوشتنی کچێکی ئێزدی لە عێراق سزای ١٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەنجومەنی فیدارڵی ئەڵمانیا لە کانونی دووەمی ٢٠٢٣دا تاوانەکان بەرامبەر بە ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساندبوو.

هـ . ب