دی جەی ڤی بۆ ڕۆژنامەنووسان: تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە و سەردانی مەکەن

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە و داوای لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان کرد، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ھاوکات دەستبەسەرکردنی گۆکای ئاکبولوت، پەلەمانتاری پارتی چەپی وڵاتەکەیشی ئیدانە کرد، کە لە تورکیا دەستگیر کرابوو.

فرانک ئۆبەرال، سەرۆکی گشتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا (دی جەی ڤی) ڕایگەیاند، "گۆکای ئەکبولوت، پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە سەرەتای مانگی ئابدا بۆ ماوەیەکی کورت لە تورکیا دەستگیرکراوە"، وتیشی: "تاکڕەوی ئەردۆغان جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەوانەی ڕەخنەیان لێدەگرن وەک چەکدارانی بەرھەڵستکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ھەر دەرفەتێکی لێھەڵکەوێت ڕاستەوخۆ ستەمیان بەرامبەر دەکات".

سەرۆکی گشتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەگەر پارێزبەندی پەرلەمانتارێک نەتونێت ڕێگری لە دەستگیرکردنی بکات، کەواتە مەترسییەکە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان زۆر زیاترە.

ئۆبەرال وەک پەیامێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی پەیوەندیدار بە تورکیا وتی: ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەبارەی سەرۆککۆمار و پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار وتار یان بابەتی ڕەخنەگرانەیان لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردووەتەوە، پێویستە خۆیان لەو وڵاتە بە دوور بگرن، چونکە تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە.

ژ.ن