دەیان تەرم لە کەناراوەکانی لیبیا و تونس دۆزرانەوە
مانگی سوری لیبی لەماوەی پێنج ڕۆژدا لە کەناراوی ڕۆژئاوا ٣٤ تەرمی دۆزییەوە، هەروەها حکومەتی تونسی ٣١ تەرمی کۆچبەرانی ئەفریقی دۆزییەوە کە لەنێو دەریای ناوەڕاستەوە کۆچیان کردبوو.
مانگی سوری لیبی لەماوەی پێنج ڕۆژدا لە کەناراوی ڕۆژئاوا ٣٤ تەرمی دۆزییەوە، هەروەها حکومەتی تونسی ٣١ تەرمی کۆچبەرانی ئەفریقی دۆزییەوە کە لەنێو دەریای ناوەڕاستەوە کۆچیان کردبوو.
بەلەمێک بە دەیان کۆچبەرەوە لە دەریای ناوەڕاست و نزیک کەناراوی شاری سەبراتەی لیبیا نوقم بوو، لەماوەی ٥ ڕۆژدا مانگی سوری لیبی دۆزینەوەی تەرمی ٣٤ کۆچبەری ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی ئاشکرا کرد، پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکان بەردەوامە، پاش نوقمبوونی بەلەمێک کە دەیان کۆچبەری هەڵگرتبوو، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی قوربانییەکان ڕووی لە زیادبوونە، کۆچبەرانی سەر بەلەمەکە هیچ دەرفەتێکی ڕزگاربوونیان نییە لەنێو دەریاکەدا، هەروەها کاتی نوقمبوونی هیچ داوایەکی فریاکەوتنیان پێ نەگەیشتووە.
هەر لەم بارەیەوە، حکومەتی تونس دۆزینەوەی تەرمی ٣١ کۆچبەری ئەفریقی ڕاگەیاند، لەپاش نوقمبوونی لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی دەریای ناوەڕاست بەرەو ئیتاڵیا.
کەنارپارێزی تونس ڕوونی دەکاتەوە، دۆزینەوەی تەرمەکان لە کەناراوەکانی سەفاقس و قەرقەنە و مەهدیە و قابس بووە، لەنێوو تەرمەکان دوو ژن و دوو مناڵ هەبوون.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، ژمارەی بەلەمی کۆچبەران بەرەو ئیتاڵیا لەماوەی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوونە.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان مردن و بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە ٢٦ هەزار کەسی ڕایگەیاند لەکاتی گەشتکردنیان لە دەریای ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، هەروەها داوای کرد هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران و چارەکردنی داخوازییەکانیان لە ناوچەی سەلامەتدا.
ف.ق