ETA به‌فه‌رمی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند

ڕێكخراوی ETA (نیشتیمانی باسك و ئازادی) كه‌ له‌ هه‌رێمی باسك-ی دابه‌شكراو به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیا له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی هه‌رێمه‌كه‌ تێده‌كۆشا و ساڵی ٢٠١١ ده‌ستی له‌ خه‌باتی چه‌كداری به‌ردا، ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند.

به‌گوێره‌ی دیمه‌نێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی «Gara»ی تایبه‌ت به‌ هه‌واڵه‌كانی هه‌رێمی باسك بڵاوكرایه‌وه‌، ڕێكخراوی ETA (نیشتیمانی باسك و ئازادی) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند.

دیمه‌نه‌كه‌ به‌ ناونیشانی «كۆتایی و لێدوانی فه‌رمی» بڵاوكرایه‌وه‌ و ETA به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كۆتاییهێنان به‌ هه‌موو جۆره‌ چالاكییه‌كی سیاسی به‌ ڕای گشتی ڕاگه‌یاند.

به‌یاننامه‌ی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ETA له‌ لایه‌ن ژۆسو ئوروتیكۆئه‌تخیا - Josu Urrutikoetxea  كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ ناسراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ چه‌ند زمانێك خوێندرایه‌وه‌. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ پڕۆسه‌ی ئازادیی وه‌ڵاتی باسك به‌ ڕێگه‌ی جیاواز به‌ره‌و پێش ده‌چێت و به‌رده‌وام ده‌بێت.

ETA ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ درێژه‌پێدانی هه‌مان بڕیاری ساڵی ٢٠١١یه‌ بۆ ده‌ستبه‌ردان له‌ تێكۆشانی چه‌كداری‌. ساڵی ٢٠١١ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ڕێی ناردنی نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارییان له‌ كۆنفڕانسی ئاشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی كردبوو، بڕیاری ده‌ستبه‌ردان له‌ تێكۆشانی چه‌كداری ڕاگه‌یاندبوو.

ڕێكخراوی ETA (نیشتیمانی باسك و ئازادی) كه‌ له‌ هه‌رێمی باسك-ی دابه‌شكراو به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیا له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی هه‌رێمه‌كه‌ تێكۆشانی ده‌كرد، له‌ ساڵی ١٩٥٩ له‌ دژی دیكتاتۆره‌تیی فرانسیسكۆ فرانكۆی سه‌رۆكی ئیسپانیا ده‌ستی به‌ خه‌بات كرد. ETA به‌ به‌رپرسیار داده‌نرێت له‌ به‌رانبه‌ر كوژرانی ٨٢٩ كه‌س له‌ ئیسپانیا و فه‌ڕه‌نسا كه‌ له‌ كات و شوێنی جیاوازدا ئه‌نجامی چالاكییه‌كانیان كوژراون.

جێگه‌ی باسه‌، پارتی Euskal Herria Bildu كه هاوشێوه‌ی ETA‌ له‌ ئۆتۆنۆمی زیاتر داوای سه‌ربه‌خۆیی بۆ وه‌ڵاتی باسك ده‌كات، له‌ هه‌لبژاردنی ساڵی ٢٠١٦دا ٢١%ی ده‌نگه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا و ده‌ربازی په‌رله‌مانی باسك بوو.

s.m