FIDH:"بە زووترین کات زیندانیەکان ئازاد بکەن"

فیدراسیۆنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی- FIDHرایگەیاند، ئازاد نەکردنی زیندانیان، هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ سزای کوشتن.

FIDH کە ناوەندەکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە و لە ساڵی ١٩٢٢ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤی دروست بووە، ١١١ وڵات و ١٨٤ رێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ تێیدا ئەندامن، بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشێوێنی پێویست کەمپینێکی ئیمزای دەستپێکرد.

فیدراسیۆنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، FIDH و رێکخراوە ئەندامەکانی، بۆ ئەوەی بانگەوازی ئەوە بکەن کە هەموو پارێزەرانی مافی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە گرتووخانەکان بەندکراون، ئازاد بکرێن، کەمپینێکی بە ناوی(#ForFreedom)  یان دەست پێکردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێویستە پارێزەرانی مافی مرۆڤ ئازد بکرێن و رێگا بدرێت بەردەوام بن لە کار و چالاکیەکانیان لە دژی نا یەکسانی، جیاکاری، توندوتیژی.

ئالیج موگوە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە وتی:"پارێزەرانی مافی مرۆڤ کە ئەکتەری رەوا و راستەقینەی گۆڕانکارین، دەبوایا هیچ کات سزا نەدرابان و زیندانی نەکرابان."

لە بەیاننامەکە دا تیشک خرایەوە سەر لێدوانەکەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە وتبووی، دەبێت ئەندامانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە زووترین کات ئازاد بکرێن.

هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ سزای کوشتن

لە بەیاننامەکەدا هاوکات باس لەوەش کرا کە، لەم بارودۆخەدا بێبەشکردنی مرۆڤ لە ئازادی، بۆ ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون یان مەترسی تووشبوونیان لەسەرە، هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ سزای کوشتن. هاوکات لەم بارەیەوە پەیمانە نێودەوڵەتیەکان بەبیر هێنرانەوە.

ریحان یالچنداغ جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش وتی:" لەو وڵاتانی وەکو تورکیا کە بەندیخانەکانی لە قابارەی خۆی زیاتر زیندانی تێدایە، مەترسیەکی زیاتر لەسەر ژیانی زیندانیان هەیە."

ز.ش