حکومەتی عێراق بە پاساوی "ئەمنی" تەلەگرام قەدەغە دەکات

حکومەتی عێراق ڕایگەیاند بە هۆکاری پەیوەست بە "ئاسایشی نەتەوەیی" لە سەرتاسەری وڵاتەکە تەلەگرامی قەدەغە کردووە. گرووپەکانی پرۆپاگەندەی نزیک لە ئێران کە بەزۆری ئەم بەرنامەیە بەکاردەهێنن، ئەم ڕێکارەی حکومەتیان شەرمەزارکرد.

وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا پاساوی قەدەغەکردنی تەلەگرامی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەم بڕیارە بە ڕاسپاردەی دەزگا باڵاکان بووە پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی".

وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم بەرنامەیە پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی هاوڵاتیان پێشێل دەکات، حکومەت چەندین جار داوای لە تەلەگرام کردووە ڕێگری بکات لە "دزەپێکردنی زانیارییەکانی دامودەزگا حکومییەکان و زانیارییە کەسییەکانی هاوڵاتیان، کە دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی جڤاکی".

جێی ئاماژەیە، تەلەگرام لە عێراقدا بەرنامەیەکی بەربڵاوە، بەتایبەت لەلایەن گرووپەکانی گرێدراوی فراکسیۆنە چەکدارەکان و پارتە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران وەک پلاتفۆرمی پرۆپاگەندە بەکاردێت.

یەکێک لەو گرووپانە، قەدەغەکردنی تەلەگرامی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، ئەمە هەوڵی کپکردنە.

ئەم گرووپە کە خاوەنی زیاتر لە ٣٣٠ هەزار بەشدار بووە، ناڕازیەتی دەربڕی و پێی وایە حکومەت ئازادییەکانی پێشێلکردووە. بەڵام ئەو پارتانەی وەک لایەنگری ئێران دەناسرێن. پشتگیری حکومەت دەکەن.

جێی ئاماژەیە، تەلەگرام لە چەندین وڵاتی تر قەدەغەکراوە.