ئەنجامدەری هێرشەکەی بروکسەل کوژرا

ئەو کەسەی کە بە چەک لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکا دوو کەسی کوشت و خۆی وەک ئەندامی داعش ناساند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەڵمەتێکی پۆلیسدا کوژرا.

ئەو هێرشبەرە تونسییە بە ناوی عەبدولسەلام. ل، کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە برۆکسل دوو هاندەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویدی بە چەکی ئوتۆماتیک کوشت، بەرەبەیانی  ئەمڕۆ سێشەممە لە هەڵمەتێکی پۆلیسدا کۆژرا.

بەگوێرەی میدیاکانی بەلجیکا، تۆمەتبارەکە دوای بریندار بوونی بە چەک، گیانی لەدەستداوە.

ڕاگەیەندرا کە هێرشبەرەکە لە قاوەخانەیەک لە ناوچەی شایبیک کۆژراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هێت لاتست نیوس، دوو کەسی گومانلێکراویش دەستبەسەر کراون.

ئێوارەی ١٦ی تسرینی یەکەم لە کاتژمێر ١٩:١٥ هێرشێکی چەکداری لە گۆڕەپانی ساینجتێلێت لە ناوەڕاستی شاری برۆکسەل ڕوویدا.

لەو هێرشەدا دوو کەس هاندەری هەڵبژاردەی سوید کوژران.

گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن دانیشتوویەکی شارەکەوە گیراوە، دەرکەوتووە پیاوێک بە چاکەتێکی پرتەقاڵی و کڵاوێکی سپییەوە چەکێکی  بەدەستەوەیە. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە هێرشبەرەکە لە سکۆتەرەکە دادەبەزێت و چەندین جار دەستڕێژی گولـلە بە دەوروبەردا کردووە.

لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، هێرشبەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەندامی داعشە و شانازی بەوە دەکات و بۆ "تۆڵەکردنەوەی موسڵمانان" و "ژیان و مردن لەپێناو ئایین" ئەم کارەی کردووە.

هێرشبەرە تەمەن ٤٥ ساڵەکە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەلجیکا نیشتەجێ بووە. هێرشبەرەکە کە لە ساڵی ٢٠١٩ داوای مافی پەنابەری کردووە و داواکەی ڕەتکراوەتەوە، بە هۆی "پاشخانی توندڕەویی" لەلایەن پۆلیسەوە ناسرابوو.