جۆزیپ بوریل: ئێران دەبێت دەست لەسەركۆتی هۆڤانەی خەڵك هەڵگرێت

جۆزێپ بوڕێڵ داوای دەستبەجێ ئازادکردنی خۆپیشاندانە زیندانیکراوەکان لە ئێرا ندەکات و وزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕن كە دەرفەتی پەیوەندی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەگەڵ دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستەبەر بكات.

جۆزیپ بوریل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لەلاپەڕەكەی لەتۆیتەر باس لەوتوێژی خۆی و حسین ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دەكات.

بوریل رۆژی هەێنی، 14ی تەشرینی یەكەم جارێكی تر لەوتوێژیان لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لەسەر هەڵوێستی یەكپارچە و نەگۆڕی یەكێتی ئەوروپا لەسەر مافی مرۆڤ لەئێران بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە و پاراستنی مافە بنەڕەتیەكان كردۆتەوە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لەكاتێكدا ئەم تۆیتەی كردۆە كە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەرووپا بڕیارە رۆژی دووشەممە لەسەر ژمارەیەك گەماروی نوێ سەبارەت بە بن پێ كردنی مافی مرۆڤ لەدژی رژێمی ئێران بڕیار بدەن.

پێشتر ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لەمبارەیەوە بڕیاریانداوە و بەكۆی دەنگ لەسەر سەپاندنی گەماروە نوێیەكان لەدژی رژێمی ئیسلامی ئێران رێككەوتوون.

جۆزیپ بوریل هاوكات جەختی لەسەر وەستاندنی بێ شەرەت و مەرجی سەركۆتی دڕندانەی هاووڵاتیانی ئێرانی كردوەتەوە و دەڵێت؛ خۆپیشاندەر و ناڕازییەكان دەبێت بەپەلە ئازاد بكرێن و ئێنتەرنێتیان بۆ دەستەبەر بكرێت و دەبێت بەرپرسانی ئێرانی لەمبارەیەوە وەڵامدەرەوە بن.

لەهەفتەی رابردوو و هاوكات لەگەڵ بەردەوامی راپەڕینی سەرتاسەری خەڵكی ئێران لەدژی رژێمی ئیسلامی، خێرایی ئینتەرنێت لەزۆرێك لەشارەكانی ئێران بەئاستێك دابەزی و لەزۆر شوێنی تردا بەگشتی تۆڕەكانی ئێنتەرنێت پچڕان.

لەكاردانەوە بەبەردەوامی پچڕانی ئینتەرنێت و سەركۆتی شاراوەی خۆپیشاندەرە ناڕازیەكان لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆژی هەێنی رایگەیاند؛ بەشوێن رێگە چارەیەكدا دەگڕین كە دەرفەتی پەیوەندی خۆپیشاندەرە ناڕازیە ئێرانیەكان لەگەڵ دەرەوەی وڵات دەستەبەر بكات.

هـ . ب