بە دیمەن

کاڤ: وتارەکەی خەیری دورموش لە دادگا وەک مانیفێستێک بوو

فواد کاڤ یەکێک لە چالاکوانانی ڕۆژووی مردنی ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢ رایگەیاند کە وتارەکەی محەمەد خەیری دورموش لە هۆڵی دادگا وەک مانیفێستێک بوو و وتی: "ئەو هەنگاوە لە دایک بوونێک بوو."

بەرخۆدانی گەورەی ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢

٤٣هەمین ساڵوەگەڕی مانگرتنە مەزنەکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢ کە لە لایەن زیندانیانی پەکەکەوە وەک ناڕەزایەتی نیشاندان دژی ئەشکەنجە و دڕندەییەکانی ڕژێمی سەربازی کودەتای ١٢ی ئەیلول دەستی پێکرد.

ئەو مانگرتن لە خواردنەی کە بووە هۆی شەهیدبوونی محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک، نەک تەنیا لە زیندان بەڵکو لە دەرەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لێکەوتەوە. ئەم چالاکییە مەزنە بە یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی تێکۆشانی ئازادی و چاندنی ڕۆحی بەرخۆدان و متمانە بەخۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردی و هەڵکردنی ئاگری سەرهەڵدان دادەنرێت.

فواد کاڤ، نووسەر و یەکێک لە بەرخۆدەرانی مانگرتنی ١٤ی تەمووز، ڕووداو و کاریگەرییەکانی ئەو ڕۆژانەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گێڕایەوە.

'ئامانجی کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول پەکەکە بوو'

فواد کاڤ ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٢ لە ناوبردنی بزووتنەوەی پەکەکە بوو و وتی: "بەپێی پلانەکانیان دەبوو پەکەکە لەناوببەن، لەو کاتەدا ڕێبەرایەتی و کادرە پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشابوونەوە، بەشێک لە کادرەکانیش دەستگیرکرابوون، بەرپرسانی ناوچەکە لەوانە مەزڵوم دۆغان، خەیری دۆرموش و کەمال پیر، لە زیندانی ئامەد ڕاگیرابوون. دوژمن ئەمەیان وەک ناوچەیەکی سەرەکی هەڵبژاردبوو، دەستیان بە جێبەجێ کردنی پلانێکی قورسی ئەشکەنجەدان و قڕکردن کردبوو.

کاڤ ڕایگەیاند کە مەزڵوم دۆغان لە دژی ئەشکەنجە و توندوتێژییەکانی زیندان خۆی فیدا کرد؛ فەرهاد کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجمێ ئۆنەر بە ئاگردانی جەستەی خۆیان بەرامبەر بەم دڕندەییە چالاکیان ئەنجامدا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە سەرکوتکاریی و دڕندییەکان بەردەوام بوو.

کاڤ، بڕیار و پرۆسەی مانگرتن لە خواردنی ١٤ی تەمووزی١٩٨٢بەم شێوەیە باس کرد:

"سەرەڕای ئەو هەنگاوانە ئەشکەنجەدان بە خێراییەوە بەردەوام بوو، بەو بۆنەوە پێویست بوو چالاکییەکی نوێ بکرێت، ئەم چالاکییە دەبوو بەرفراوانتر و درێژخایەنتر بێت، تەنها چالاکییەکی لەو شێوەیە دەیتوانی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە کاریگەری نیشان بدات و هەوڵەکانیان ڕابگرێت، بۆیە بڕیاری دەستپێکردنی مانگرتن لە خواردن درا.

پێشەنگەکانی ئەم بڕیارەش کەمال پیر و محەمەد خەیری دۆرموش بوون. ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە لە هۆڵی دادگا درا. لە ڕاستیدا بڕیار بوو مانگرتن لە خواردن زووتر دەست پێبکات، بەڵام بەو پێیەی لێژنەی دادگا مافی قسەکردنی بە محەمەد خەیری دۆرموش نەدەدا، بۆ ماوەی ٣-٤ مانگ دواخرا. ئەگەر مافی قسەکردن بدرایە، ڕەنگە لە مانگی ئادار یان نیساندا چالاکییەکە دەستی پێبکردبا، بەڵام بەو پێیەی محەمەد خەیری دۆرموش توانی دواتر مافی قسەکردنی پێدرا، بڕیارەکەی لە هۆڵی دادگا ڕاگەیاند."

'وتارەکەی خەیری دورموش مێژوویی بوو'

فواد کاڤ بەئاماژەدان بەوەی کە وتارەکەی محەمەد خەیری دورموش وەک مانیفێستێک بوو، وتی:

خەیری دورموش ئەو ڕۆژە بۆ لێژنەی دادگا ئەمەی وت: "ئێمە پەکەکەین؛ ئێمە کادر و پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیەین، داواکاریی و خواستی ئێمە سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی گەلەکەمانە، ئێمە دەمانەوێت لە کوردستان سۆسیالیزم بنیات بنێین، پەکەکە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، میتۆد و ستراتیژی تێکۆشانیش لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە، ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە خۆمان بەڕێکخستن کردووە.

بۆیە ناتوانن لێرە دادگاییمان بکەن. چونکە ئێوە دەوڵەتێکی داگیرکەرن. ئێوە کوردستانتان داگیر کردووە، زمان و کولتووری ئێمەتان قەدەغە کردووە. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان بچێتە دەرەوە. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت لە ڕووی سیاسییەوە بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام ئێوە ئەم مافەتان لە ئێمە وەرگرتووە؛ ئێوە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئێمە ئەشکەنجە دەدەن.

لە بەرامبەر ئەمەدا مەزڵوم دۆغان، فەرهاد کورتای، نەجمێ ئۆنەر، مەحمود زەنگین و ئەشرەف ئانیک بۆ ڕاگرتنی ئەم ئەشکەنجەیانە، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. بەڵام ئەشکەنجەدانتان هەر بەردەوامە. بۆ ڕووبەڕووبوونەو بەرانبەر ئەو هەموو هەوڵدانانەتان، من لە ئەمڕۆوە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەم." بەم قسانە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

لێژنەی دادگا داوایان کرد 'خەیری پەلە مەکە. ئێمە کێشەکانتان چارەسەر دەکەین و مافی بەرگریکردنتان پێدەدەین'، بەڵام خەیری دورموش وتی: "ئێوە درۆ دەکەن، زۆرجاران لێرە بەڵێنت داوە بەڵام جێبەجێ تان نەکردووە. بۆیە متمانەم بە ئێوە نییە."

دواتر کەمال پیر، عەلی چیچەک و کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی دیکەش مانگرتنیان ڕایانگەیاند. کاتێ ئێوارە هاتنەوە بۆ زیندان، ئێمەش ئاگاداری هەموو شتێک بووینەوە. بەڵام ئەو شەش هەڤاڵەیان ئیتر بۆ لای ئێمە نەهێنایەوە، بردیان بۆ شوێنێکی تر.

من لەو کاتەدا لە دادگا نەبووم، عاکیف یڵمازیش لە دادگا نەبوو. ڕۆژی دووەم دوو کەسی تر بەشدارییان بە مانگرتنەکەوە کرد. ڕۆژی دواتر کەسێکی تریش مانگرتنی دەستپێکرد. پاشان یەک بە یەک زۆرێک لە هەڤاڵان پەیوەست بوون بە مانگرتنەکەوە. بە زووترین کات ژمارەی مانگرتووان گەیشتە ٢٠-٣٠کەس."

'هەڤاڵان لە هەڵوێستەکەیان نەکشانەوە'

فواد کاڤ، یەکێک لە مانگرتووانی ئەو کاتە، لەبەردەوامی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بەرخۆدانی مانگرتن لە خواردن هاوکات بوو لەگەڵ مانگەکانی هاوین و لەو ماوەیەدا ئەشکەنجەدانەکان بەردەوام بووە و وتی:

"ماوەی مانگرتن لە خواردن بەجۆش بوو، ئاویان بە مانگرتووەکان نەدەدا، لەو دۆخەدا ئەشکەنجەدان بە خێراییەوە بەردەوام بوو، هەتا ٥٠ ڕۆژ هیچ بەرپرسێک نەهات و نەیانپرسی 'چیتان دەوێت، بۆچی مانگرتن لە خواردنتان دەستپێکردووە؟ تەنانەت هیچ گرنگییەکیان نەدا.

هەروەها دوای ٥٠ ڕۆژ، دۆخەکە خراپتر بوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی مەترسی مردن، بەرپرسان دەستیان بە هاتن کرد، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف یڵماز، عەلی چیچەک، کەمال پیر و هەندێک هەڤاڵانی دیکەیان بردە نەخۆشخانە. هەوڵیاندا قەناعەتیان پێ بکەن و دەیانویست دەستێوەردانی پزیشکی بکەن، ئامانجیان ئەوە بوو ڕێگری بکەن لە شەهیدبوونی هەڤاڵان.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە هەڤاڵان نەکشانەوە. کەمال پیر لە ٥٧ـەمین ڕۆژیدا شەهید بوو. پاشان محەمەد خەیری دورموش، دواتر عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک شەهید بوون."

فواد کاڤ ڕایگەیاند، دوای ئەم شەهید بوونانە، ئیدارەی زیندان لەگەڵ زیندانییەکان قسەی کرد و داواکارییەکانیانی وەک راگرتنی ئەشکەنجەدان و مافی بەرگریکردنی قبوڵکرد.

'شەهیدانی ١٤ی تەمموز ڕەوڵێکی گەورەیان لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆدا هەیە'

فواد کاڤ بەئاماژەدان بەوەی کە کاریگەری بەرخۆدانی گەورەی مانگرتن لە خواردنی ١٤ی تەمووز تەنها لە زیندانەکاندا سنووردار نەبوو، بەڵکوو کاریگەری لەسەر پێشهاتەکانی دەرەوەش هەبوو و وتی:

"دوای شەهیدبوونی هەڤاڵان خەیری و کەمال، ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: "ئەمە پەیامێکە و دەبێت ئەنجامی لێ وەربگرین. ئەنجامەکەش هەڵمەتی ١٥ی ئاب بوو، لەسەر ئەم بنەمایە گەڕانەوە بۆ کوردستان و تیکۆشانی چەکداری دەستی پێکرد.

هەروەها ئەم کاریگەرییە تەنیا لە گەریلا و کادرانی پەکەکەدا سنووردار نەمایەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاش دانا. بە تایبەتی کاریگەریی مەزنی لەسەر گەنجان بوو. ڕەنگە لە ساڵانی سەرەتاییدا ئەم کاریگەرییە یەکسەر خۆی نیشان نەدابێ، بەڵام بەئاگابوونەوەیەک دەستیپێکرد. لە ساڵانی ١٩٩٠دا هۆشیاریەکی جددی لە نێو گەنجانی زانکۆدا دەستی پێکرد و ڕوویان کردە چیاکانی کوردستان. بێگومان ئەمە هێدی هێدی بە کۆمەڵگادا بڵاو بوویەوە.

ئەگەر تێکۆشانی ئازادیی کورد گەیشتووتە ئەمڕۆ، ئەگەر بەهەزاران گەریلا پێشەنگایەتی ئەم شەڕەیان بەڕێوەبرد، ئەگەر کورد لە هەموو جیهاندا بەرگری لە ناسنامەی خۆیان دەکەن و باسی ئازادی دەکەن، ئەوا بێ گومان هەموو لە شەهیدانی مانگرتنی ١٤ی تەمووزەوە هێزی خۆی بەدەست هێناوە و هەروەها ئەمڕۆ لە پێکهێنانی چارەسەر لە ئیمرالی پشکدارن.

دورگەی ئیمرالی ئەمڕۆ بووە بە ئەکادیمیایەک. ڕێبەر ئاپو ئیمرالی لە زیندانێکەوە گۆڕاوە بۆ ئاکادیمیایەکی ئایدیۆلۆژی و چارەسەری. بێ گومان ئەمە لە سایەی هەوڵی ڕێبەر ئاپو و بەرخۆدەرانی ١٤ی تەمووز و شەهیدانی دیکەماندا هاتۆتە ئاراوە."