کەجەدەکە-ئە یەکەمین کۆبوونەوەی ئیکۆلۆژی خۆی بەڕێوە برد

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردستان-ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد.

یەکەمین کۆبوونەوەی ئیکۆلۆژی/کەجەدە-ئە

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کەجەدەکە-ئە لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیا لە ماڵی کوردان بەڕێوەچوو.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی، فاتوش گۆکسونگور بە ناوی وتەبێژی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی، کەجەدەکە-ئە و ئەکادیمیسیەنی کورد، نەجمەدین تورک، وتاریان پێشکەش کرد.

وتاردەران باسیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئیکۆلۆژی کوردستان کرد و گرنگی پاراستنی ژیانی ئیکۆلۆژییکیان ڕوونکردەوە.

لەوتارەکەیدا گۆکسونگور ئاماژەی بەوەکرد: "لەم قۆناغەدا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە هەموو هێزیەوە هێرش دەکاتە سەر ئیکۆلۆژی، سیستەمی سەرمایەداری گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سروشت. دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کوردستان بە شێوازی زۆر گڵاو و مەترسیدار سروشتی کوردستانی بە بیانووی ئاسایشەوە کردووتە ئامانجی هێرشەکانی و دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنێ و هەروەها دەیەوێت بە دروستکردنی بەنداو سروشتی کوردستان لەناوببات."

هەروەها ئەکادیمیسیەنی کورد، نەجمەدین تورک، ڕایگەیاند کە پاراستنی سروشت ئەرکێکی وڵاتپارێیە و وتی: "بۆچی مرۆڤی کورد ئەوەندە گرنگی بە ئیکۆلۆژی دەدات، بۆچی ئیکۆلۆژی یەکێکە لە سێ لاقەکانی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ؟ چونکە لەسەر بنەمای ڕاستی دامەزراوە. ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە هێزە داگیرکەرەکان سەرقاڵی لەناوبردنی سەروەت و سامانی کوردستانن. کوشتن و کۆمەڵکوژی لە کوردستان، سروشتیش دەگرێتەوە، لەناوبردنی سروشت شێوازێکی دیکەی کۆمەڵکوژییە. کۆمەڵگای ئەوروپا لەسەر بنەمای پیشەسازی و شارنشینی بنیات نراوە، کولتوور، سامان و بەهاکانی کوردیش گرێدراوی سروشتەکەیە و بەستراوەتەوە بە خاکەکەیەوە.

دوای قسەکانی تورک، کۆبوونەوەکە بە شێوەی پرسیار و وەڵامدانەوە بەردەوام بوو و کۆتایی هات.