ڕێککەوتننامەی ئەمریکا و ئۆکرانیا: مۆسکۆ دەڵێت تەنها 'پارچە کاغەزێکە'

ڕێککەوتنێکی ئەمنی ١٠ ساڵە لە نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا واژۆ کرا. مۆسکۆ ئاماژەی بەوەداوە کە رێککەوتنەکە تەنها "پارچە کاغەزێکە و هیچ ڕاستیەکی نییە."

ڕێککەوتن نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا

ماریا زاخارۆوا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنی ئەمریکا و ئۆکرانیا وتی: "ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە تەنها پارچە کاغەزێکە و هیچ ڕاسیی نییە."

زاخارۆوا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێککەوتنانە هیچ بەهایەکی یاسایییان نییە.

دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا واژۆ کراون، وەکوو فەرەنسا و بەریتانیا، ڕۆژی پێنجشەمە ئۆکرانیا ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و ژاپۆن واژۆ کرد.

ئەم ڕێککەوتنە ئەمنیانە لە بنەڕەتدا لەگەڵ بەڵێنەکانی ئەم وڵاتانەدا بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانییە سەربازی و داراییە درێژخایەنەکان لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا یەکدەگرێتەوە.

ماریا زاخارۆوا ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنانە ئەوەیە کە "بەو هاووڵاتیانەی لە ئۆکرانیا ماونەتەوە پێشان بدەن کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا پشتیوانیانە"و ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕاستیدا ئەوان بە شێوەیەکی یاسایی خۆیان لە هەر بەرپرسیارێتییەک لە داهاتووی ئۆکرانیا دەدزنەوە.

ڤلادیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە ١٠ ساڵەیەی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکراوە، رێگای بۆ پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بە ناتۆەو کردەوە.

هەروەها بە پێی ڕێککەوتنەکە ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرش دەکات لە داهاتوو بۆ سەر ئۆکرانیا.