کۆڵۆمبیا فرۆشتنی خەڵووز بە ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە

سەرۆکی چەپڕەوی دەوڵەتی کۆڵۆمبیا گوستاڤۆ پیترۆ ڕایگەیاند بەهۆی بەردەوامیی شەڕی غەززەوە، لە نزیکترین کاتدا هەناردەکردنی خەڵووز بۆ ئیسرائیل هەڵدەوەشێننەوە.

سەرکردە چەپەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "هەتا قڕکردن نەوەستێت، ئێمە هەناردەکردنی خەڵووز بۆ ئیسرائیل ڕادەگرین".

پیترۆ لە مانگی ئایار ڕایگەیاند پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندووە. هەروەها کڕینی چەکی لە ئیسرائیل وەستاند. ئیسرائیل بۆ دروستکردنی چەک یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەی باشووری ئەمریکا.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسزای بڕیارنامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند تا ئەو کاتەی ئیسرائیل پابەندی ڕێکارەکانی دیوانی دادی نێونەتەوەیی دەبێت، بڕیاری وەستاندنی هەناردەی خەڵووز بەردەوام دەبێت.