کۆن-مەد: بە گیانی یەکێتی نەتەوەیی خاکی کوردستان بپارێزین

کۆن-مەد لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و هێرشەکان بۆ سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا و شەنگال داوای لە هەمووان کرد کە بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی بکەونەخۆ و خاکی کوردستان بپارێزن.

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان و بەتایبەتی گۆڕەپانەکانی گەریلا و شەنگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئامانجەکە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرتاسەری کوردستانە. هەرچەندە دەوڵەتانی هەڕێمی و هێزە نێونەتەوەییەکان ئاگاداری ئەو قڕکردنەش بن، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان چاویان دەنوقێنن".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورک لە هەر شوێنێک کە پێشتر داگیری کردبوو نەکشاوەتەوە، لە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی تواندنەوەی کولتوری و قڕکردنی ئەنجامداوە. ئەوەی پەیوەندی بە کوردان و بەها دێرینەکانی گەلانەوە هەیە لەناویان دەبات.

دەبێت بە روونی ببینرێت کە ئامانجی سوپای تورکی داگیرکەر زۆر جددی، زۆر ڕوونە کە هەرێمەکە داگیربکات و جوگرافیای کوردستان لە کورد دابماڵێت. بەم جۆرە قڕکردنی گەلی کورد بە ئەنجام بگەیەنێت".

کۆن-مەد رایگەیاند، کە دەبێت مرۆڤایەتی شکۆمەندی جیهان، بەتایبەتی گەلی کورد و هەموو لایەنگرانی ئازادی، لە دژی قڕکردنی کوردان کە بە بەرچاوی جیهانەوە دەکرێت، گوڕ بە بەرخودان بدەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکی فاشیست هەوڵ دەدات کە کوردستان وێران بکات، سروشت تاڵان بکات و تاوانی مرۆڤایەتی بکات.

ئێمە وەک کۆن مەد سەرەتا بانگەواز لە هەموو فیدراسیۆن، ئەنجومەن و پێکهاتەکانمان دەکەین کە لە دژی داگیرکەری و قڕکردن بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی سەفەربەر بن، بڕژێنە گۆڕەپانەکان و خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکەن و خاکی کوردستان بپارێزن".

هـ. ب